ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و  هەروەها هۆکاری ڕێککەنەکەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی نەوت و مووچە، دکتۆر موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند:"  دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر وبەغدا، لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنی نەوت تائێستا نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک، چونکە بەرپرسانی هەرێم نایانەوێت نەوت ڕادەست بکەن و لەبەرامبەریشدا بەغدا ڕازیی نابێت بەو بار و دۆخە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەوترێت ئەگەر ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدادیشدا بکرێت، ڕێککەوتنەکان کاتی دەبن، ئایا کێ هۆکارە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکان سەرنەگرێت؟ دکتۆر موسەنا ئەمین ئاشکرایکرد، " هەرێم سەبەبە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکان سەرنەگرێت، چونکە دادگای فیدراڵی بە یاسایەکی ڕوون هەرێمی ناچارکردووە و ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی لێگرت و ناچاری کردووە دەبێت ئەم نەوتە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆبکات، بەڵام هەرێم نایەوێت ئەمە بکات، لەبەرئەوەی خۆیان و کۆمپانیاکانی خۆیان سودمەندن لەم نەوتە و دەیان ملیۆن دۆلار مانگانە سود لەداهاتی نەوت وەردەگرن، بۆیە نایانەوێت ئەم داهات و قازانجە ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن، لەکاتێکدا ئەمان ئەم نەوتە هەڕاج دەکەن و بەنیوەی نرخی جیهانی دەیفرۆشن و لەبەرامبەریشدا داهاتەکەی بۆ حکومەتی هەرێم سفرە و خەڵک بێمووچەیە، کەچی لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق ئامادەیە مووچەی خەڵکی هەرێم دابینبکات، بەمەرجێک هەرێم نەوت ڕادەست بکات."

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە دەوترێت، ئەمەریکا هاتۆتە ناوبابەتەکە و دەیەوێت هەرێم ناچار بەڕێککەوتن بکات، دەکرێت هەرێم پابەندی داواکاریی ئەمەریکا نەبێت؟ دکتۆر موسەنا ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، " ئەگەر ئەمەریکا بەڕاستی بێتە ناوئەم پرسەوە، هەرێم هەرگیز ناتوانێت دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بێتەوە، بەڵام چەندە ئەمەریکییەکان لەم پرسەدا جدیبن ئەوە ئەوکات دەیسەلمێنێت کە ئایە هەرێم دەتوانێت دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بوەستێتەوە یاخود نا."