چاویارنیوز - عەلی حەمەساڵەح،سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت دڵنیابن نەک بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە، بەڵکو بە ئاراستەیەکی ئێجگار ئێجگار خراپدا دەڕوات."
وتیشی:" دوێنێ بڕیاربوو هەنگاوی زۆرباش بنرێت بۆئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاربدات، بەڵام لە کارنامەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا نییە باس لەو ڕێککەوتنە بکرێت، وە دوێنێشبابەتەکە تاڕادەیەک پاشەکشەی کردووە، هەرچەندە بە جهودی ئەمەریکیەکان دیسانەوە دانوستان دەست پێ دەکاتەوە."
عەلی حەمە ساڵەح ڕونیشیکردەوە:" ئەمەی دەیڵێم هۆشدارییە، بەتایبەت ئێستا دۆسیەی نەوت و بڕیاری ڕێککەوتن لای مەسرور بارزانی ییە و یەکێتی یش لەگەڵیدایە و نوێنەری هەیە لە بەغدا، بۆیە ئەگەر ڕێک نەکەون بچوکترین بەدیلیان نییە، دەبێ یەکێتی و پارتی باش بزانن ئەمجارە خۆپیشاندان بکرێت، دڵنیابن خۆپیشاندانی دووسەعاتی نابێت، چونکە ئەم کێشە بەردەوام دەبێت و ئەوان دەڵێن بەدیلمان نییە."
عەلی حەمەساڵەح سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، ئاماژەی بەوەکرد:" داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەکەم کە لەسەر ئەم پرسە ڕێکبکەون، چونکە خەڵکی هەرێم ماندووە و ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە ئەگەر ئەم نەوتە ڕادەستی سۆمۆبکەن، وە خواستی ئەمەریکییەکانیش بەڕونی ئەمە بووە کە دەڵێن، نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەبکرێت و کۆتایی بەم کێشەبێت."