ڕوانگە - دانیشتوانی ناحیەی کۆکس رەتی دەکەنەوە ناحیەکەیان لە ئیدارەی گەرمیان داببڕێت و بخرێتەسەر پارێزگای دیالە، نوێنەرانی گەرمیان و خانقین لە پەرلەمانی عێراق رێکارەکانی هەڵوەشانەوەی بڕیاری نادەستوری (دابڕینی ناحیەی کۆکس لە هەرێمی کوردستان) دەگرنەبەر.
دوای ئەوەی حکومەتی عێراقی بڕیاریدا، ناحێی کۆکس کە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، بخرێتە سەر پارێزگای دیالە، لە ئێستادا ئەو بڕیارە نیگەرانی لای دانیشتوانی ناحێکە دروستکردووە و داوادەکەن، ڕێگری بکرێت لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە.
٧ی تەمموزی ٢٠٢٥ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کاروان یاروەیس و سۆزان مەنسور و بێستون فایەق راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی و قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، ناحیەی کۆکسی بەسەرکردەوە.
لەو سەردانەدا، کۆبونەوەیەکی کراوە لەگەڵ دانیشتوانی سنوری ناحیەی کۆکس و چین و توێژ و پێکهاتەکانی سنورەکە ئەنجامدراو تیایدا تیشکخرایەسەر پرۆژەیەکی حکومەتی عێراق بۆ بە قەزاکاکردنی ناحیەی قەرەتەپە و دابڕینی ناحیەی کۆکس لە ئیدارەی گەرمیان و گواستنەوەی بۆسەر ئەو قەزا نوێیە کە دەیانەوێت بیهێننەکایەوە.
جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، " ئەم بڕیارە سیاسیە و نادەستوریە بۆیە بە هەموو شێوەیەک رەتی دەکەیەنەوە و هەموو هەوڵێک بەگەڕدەخەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەبەر ئەوەی ناحیەی کۆکس ناحیەیەکی هەرێمی کوردستانە و لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێم هێنراوەتە کایەوە.
دواتر هەموو ئامادەبوانی کۆبونەوەکە و دانیشتوانی سنوری ناحیەی کۆکس بە کورد و نوێنەری پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان جەختیان کردەوە لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە و مانەوەی ناحیەی کۆکس لەسەر ئیدارەی گەرمیان.