ڕوانگە - وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ " کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی دابین کراوە، کە دەکاتە نزیکەی 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کارەبا، ڕونیشیکردۆتەوە؛"دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاوڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری، و فراوانبوونەکەش تەواوی هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە. ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان."
ڕونیشیکردۆتەوە؛" بەمشێوەیەش، زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی و 544 هەزار هاوبەش ئێستا سوومەندن لە کارەبای 24 کاتژمێری، هەرروەها، زیاتر لە 2,100 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگی پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە هاوڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی پێنج. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەباوە دانراون. لەژێر نرخە نوێیەکاندا، 80%ـی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتیمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە 14ـی ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
تاوەکو کۆتاییی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ دەگات.