ڕوانگە - لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی (ژچپۆسپۆلیتا)ی پۆلۆنیای، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاندووە؛ " ئێمە درک بەوە ناکەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام کەمبونەوەی یارمەتی و هاوکاریەکانی لەگەڵ ئاژانس، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان.

رافائێل گرۆسی سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، باسی لەوەشکردووە، "ئێران دەستڕاگەیشتنی پسپۆڕانی ئاژانس بەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی کەمکردوەتەوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبەرئەوەی هەرچەندە دەستڕاگەیشتنی ئاژانس کەمتربێت، مەترسییەکان زیاتر دەبن".

ڕۆژێک دوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران‌و ئیسرائیل، پەرلەمانی ئێران بەپەسندکردنی یاسایەک، حکومەتی وڵاتەكه‌ى ڕاسپارد، هەموو هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسێرێت.

پاش واژۆکردنی یاساکە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، ئەو ژمارە کەمەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییش کە لەئێران مابونەوە، ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت.