ڕوانگە ـ چەکدانانی چەند گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنوری سلێمانی بەمانای دەستبەرداربوونی ئەوان لە خەباتی چەکدار نایەت. ئەوان تەنها پارچەئاسنەکانی دەستیان فڕێداوە و بەهەمان بیروباوەڕ چوونەتەوە قەندیل و لەپاڵ هەزاران کوڕ و کچی خەباتکاری کورد بۆ ئاشتی و ئازادی درێژە بە خەبات دەدەن. ئەوان بە ئیرادەی خۆیان چەکیان لە شانیان کردووە و بە ئیرادەی بەرزی خۆشیان بڕیارێکی نوێیان بۆ قۆناغێکی نوێ هەڵبژاردووە. ئەوەی ئەوان کردیان پێدانی دەرفەتێکی ترە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە تورکیا و لە سوریاش. سەلماندنی ئەوەیە پەکەکە حیزبێکی خاوەن بنەما و پرەنسیپە و پاش زیاد لە نیو سەدەش پابەندی هەڵوێست و بڕیاری سەرۆکەکەیەتی لە زیندان. نەهێشتنی بیانوو و پاساوەکانی گرتن و زیندانیکردنی سەدان سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و چالاکی کوردە بە پاساوی بەرگریی لە ڕێکخستنەکانی تیرۆر. پووچەڵکردنەوەی پاساوی بۆردومانی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی دەیان و بگرە سەدان بنکە و بارەگای سەربازیی و هەواڵگرییە لە هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی پاساوە بۆ بۆردومانی شارەکان و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانە سیاسییەکان. ئەوان بەو هەنگاوەیان تورکیا، ئەمەریکا و ئەوروپاشیان خستە مەوقیعێکەوە بیر لە چارەسەری سەربازیی بۆ پرسی کورد لە سوریا نەکەنەوە. خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە و دەبێت هەموو لایەک بیزانێت: ئەوان کاتێک چەک لە دژی تورکیا دادەنێن، مانای ئەوە نادات ناتوانن چەکەکانیان بۆ پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی کورد لە پارچەکانی تر بەتایبەت سوریا بەکاربهێنن.
وەک بینیمان مەراسیمی چەکدانانەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی بەڕێوەچوو. ئێمە ئاستێکی بەرز لە دیسپلین و دامەزراوەییمان تەنانەت لە چەکدانانەکەشیان هەستپێکرد. هەر لە ڕابەرایەتیکردنی ژنان و بەشداریی کاریگەرییان لە خەبات تادەگات بە هەڵگرتنی دەفتەر و قەڵەم و پێشکەشکردنی وتارێکی بەهێز و ئەدائێکی کاریگەر .. بێ لە قیافەی شۆڕشگێڕانە و جلوبەرگێکی کوردانەی قەشەنگ.
هەڵبژرادنی ناوچەی سلێمانییش مانا و ئاماژەی قووڵی هەیە. پەکەکە کەمترین ناوچەی خەباتی لە سنورەکە هەیە. شانازییەکی گەورەیە سلێمانی بتوانێت لە شەڕ و لە ئاشتیش باوەش بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە پارچەکانی دیکە بکاتەوە.