ڕوانگە - گومانى تێدانیە پێگە و شوێنى جوگرافى ڕۆڵ و کاریگەرى بەرچاوى هەیە بۆ مانەوەو خۆڕاگرى و درێژەدان بە شۆڕش و ڕاپەڕین و جەنگەکان بەتایبەت  شوێن و پێگە شاخاویە سەخت و پێچ ئاڵۆزەکان، ئەمەش لە سەرکەوتنى شۆڕشى کورد لە باشورى کوردستان زۆر بە ڕوونى دەبینرێت،  بە شێوەیەک دەوترا کە( چیاکان دۆستى هەمیشەیی کوردن) یان (چیاکان تاکە دۆستمانن کە خیانەتیان لێ نەکردوین) .

لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێت بڵێن ئەو شوێنەى کە پەکەکە لە هەرێمى کوردستانى عێڕاق هەڵیبژاردوە بریتیە لە زنجیرە چیاکانى بنارى قەندیل ...هتد ئەمانە لە باشترین پێگەو شوێنە جوگرافیە  بەهێزەکانن کە تا ئێستا یارمەتى پەکەکەى داوە بۆ مانەوەو درێژەدان بەشەڕ و جەنگ و بەرگریکردن،  چونکە ئەو ناوچانە  ناوچەى شاخاوى سەخت و پێچ ئاڵۆزن کە بەرزیان لەنێوان  ٢٠٠٠م  -  ٣٦٠٠م دایە و خاوەنى چەندین دۆڵى قوڵن بە قوڵایی ١٠٠٠م .

پڕۆسەى چەک دانان پڕۆسەیەکە پێش پەکەکە هەبوە  چەندین گروپ و ڕێکخراو دەستبەردارى چەکەکانیان بون  وەک ڕێکخراوى باسک لە ساڵى ١٩٦١ لە ئیسپانیا و  چەندین ڕێکخراوى تر .

سەبارەت بە چەک دانانى پەکەکە  دەکرێت بڵێن ئایە پەکەکە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى کە ئێستا شێواز و ئامرازەکانى شەڕکردن بەشێوەیەک گۆڕاون و  پێشکەوتو بون کە  چیتر چیاکان وەک جاران ناتوانن لە بەرامبەر چەکى پێشکەتوى ناتۆ و ووڵاتانى زلهێز  بیان پارێزن ، چونکە نابەرامبەریەکى زۆر هەیە و  تا دێش ئەو نا بەرامبەریە زیاتر دەبێت.  ڕاستە هێشتا شەڕە قورس و چەکە مۆدێرنەکان ناتوانن ئەو شوێن و پێگە جوگرافیە باڵا دەستانەی وەك ناوچە شاخاویەكان بە تەواوى سەد لەسەد ببڕن و تەواو  بێ دەسەڵاتی بکەن، بەڵام وەک ئاماژمان پێدا دەکرێت لە بەرامبەر چەکى مۆدێرن و پێشکەوتوى سەربازى لاوازبن. لە ئێستادا خێرایی ڕوودانى ڕووداوە سیاسیەکانى ناوچەکە و جیهان  داوا لە پەکەکە دەکات بۆ هەر ئەگەرێکى نەخوازراو ئامادەبێت. بێگومان ئەمەش دەبێت لەلایەن پەکەکەوە خوێندنەوەى بۆ کرابێت و  زۆرباش هەستیان بەوە کردبێت کە کورد بە درێژایی مێژوو زوڵمى لێکراوە و  چەوسێنراوەتەوە و تۆقێنراوە و پەرتەوازەکراوە بۆیە پێویستە پەکەکە ئەوە لەبەرچاو بگرت  کە ڕێگە نەدات مێژووى چەوسانەوەو پەرتەوازبون دووباربێتەوە. 

بەدڵنیاییەوە  سوتانى چەکەکان ئاماژەیە بۆ ئاشتى و دیموکراسى و خەباتى پەرلەمانى و یەکترى قبوڵکردن کە سەردەمى ئێستا داواى دەکات. خەباتێک دوور لە چەوسانەوە و پەراوێزخستن خەباتێک کە مانەوە و کەرامەت و مافەکانیانى تێدا بەرجەستە بکرێت .لەڕاستیدا پەکەکە بنەما و کۆڵەکەیەکى گرنگ و کاریگەرى خەبات و تێکۆشانى مرۆڤ دۆستانەیە هەروەها ئاماژەو هەوێنى هەوڵدانێکى بێ وچانى ڕەسانەیەتى کوردە هەرچەندە پێم وایە سوتاندنی چەند پارچە چەكێك ئەوە ناگەیەنێت كە  ئەو بابەتە   بەتەواوی یەك لا بۆتەوە، بەڵام سەرەتایەكی گرنگە  بۆ پەیامی ئاشتی و  و خەباتی دیموكراسی و پەرلەمانی.  واى دەبینم پەکەکە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى کە ئەو شێواز خەباتەى تا ئێستا لەسەرى بەردەوام بوە  نەیگەیاندونەتە ئەو ئامانجانەى کە خۆیان دیاریانکردوە  بۆیە دەبێ گەیشتبنە ئەو بڕوایەى کە تێڕوانین و فەلسەفەى کارکردنیان بگۆڕن بە گوێرەى ئەو گۆڕانکاریانەى ئەمڕۆ لە جیهاندا هاتونەتە ئاراوە  . بە دڵنیاییەوە دەبێ پەکەکە  خوێندنەوەیەکى قوڵى فرە ڕەهەندى بۆ ئەم پڕۆسە گەورە و چارەنوس سازە کردبێت تا خۆرى ئێستاو ئایندەى  گەشەوابێت  ئەگەر نا بە پێچەوانەوە لە ژێر سایەى دەوڵەتى تورکیا خۆرى خەباتى چەند ساڵەى ئاوادەبێ.