ڕوانگە - ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی تەمووزی 2025 بە مەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەریەک لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامدا.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند:" لە کۆبونەوەکەدا جەختمان لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە.

سەرۆکی حکومەت وتیشی: "  حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و بارودۆخیی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و  ئەم بابەتەش، کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا ، لە کاری بەردەوامدایە   بۆ چارەسەرکردنی.