ڕوانگە -  ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت:" داوادەکەم سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی پەڕلەمان بکرێن، بۆئەوەی کێشە ڕاستەقینەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، پیشانی هەمووان بدەن، هەتا وێنەکە ڕونببێتەوە و بزانین هەڵەکە لە کوێدایە."

دکتۆر جەمال کۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: " من پرسیار لە ئەم ئەنجومەنە دەکەم، کە نوێنەرایەتی ڕۆڵەکانی گەلی عیراق دەکات، سێ یەکی فەرمانبەران لە گەلی عیراق، ئێستا بێ مووچەن، بۆیە پرسیارەکە ئەوە، ئایە ئەو فەرمانبەرانە بە ئەرکەکانی خۆیان هەڵنەستاون و کارەکانی خۆیانیان نەکردووە، یاخود ناکۆکی لەنێوان هەردو حکومەتەکەدا هەیە؟"

وتیشی: " لەبەرئەوە وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان داوادەکەم، بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم میوانداری بکرێن، لەگەڵ هەردو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، تا لێرە ئامادەبن و کێشە ڕاستەقینەکە پیشانی هەمووان بدەن، هەتا وێنەکە ڕونببێتەوە و بزانین هەڵەکە لە کوێدایە."

دکتۆر جەمال کۆچەر، ڕونیشیکردەوە: " کاتێک فەرمانبەران کارەکانی خۆیان بەباشی دەکەن و خزمەتی ئەم وڵاتە دەکەن، بۆچی ببنە قوربانی ناکۆکییەکان، ئەمە پێچەوانەی دەستور و یاسایە."

دکتۆر جەمال کۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد:"  ئەم ئەنجوومەنە چۆن ڕازی نەبوو بەوەی کە مووچەی شارەکانی نەینەوا ببڕدرێت، کاتێک کە کەوتە ژێر دەستی داعشەوە و مووچەکانیانی نارد، ئێستا چۆن بێ دەنگ دەبێت لەوەی ڕێگری بکرێت لە هەناردەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."