ڕوانگە - ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە گرنگیێەوە باس لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی دەکات و ڕایدەگەیەنێت: " کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەرئەنجامی باشی دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان.

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی ەرکردایەتی یەکێتی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند :" ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گرنگە، بەتایبەتی لەم کات و ساتەدا، گرنگی زیاتری هەیە، چونکە کۆبونەوەکە لەسەر ئاستی باڵا ئەنجام دەدرێت و هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی تیایدا بەشداردەبێت."

وتیشی: " ئەم کۆبونەوەیە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنی دەنگی کورد و یەکخستنی هەڵوێست بیروبۆچونەکانە، بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر کێشەکانی خەڵک بەتایبەت پرسی مووچە و هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بەژیانی خەڵکەوە، بۆیە کۆبونەوەیەکی گرنگە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە گرنگی ئەم کۆبوونەوەیە لەکوێدایە، لەکاتێکدا دەبینین هەرێم خۆی ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابینبکات و نایشیەوێت لەگەڵ بەغدادا ڕێکبکەوێت؟ پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕونیکردەوە: " گرنگی ئەم کۆبونەوانە لەوەدایە کە لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەدەچێت و هەریەک لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، تیایدا بەشدار دەبن، کە ئێمە تەجروبەمان هەیە ئەم کۆبونەوانە گرنگن بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی، کە ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر پرسەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، کورد هەتاوەکو یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بێت، ئەوا سەنگ و پێگەی بەهێزتر دەبێت،  بەتایبەت کە ئەم یەک دەنگییە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دروست ببێت، چونکە ئەمانە دوهێزی کاریگەر و بەهێزی هەرێمی کوردستانن."