ڕوانگە - ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەمووزی  2025 تەرمى حەسەن رەحمان، ئەو هاوڵاتییەی کە لە خۆپیشاندانى گوندەکانى سنوورى وەرتێ کوژرا، لە گۆڕستانى گوندى رەژووکەریان بەخاکسپێردرا، کەسوکار و خۆپیشاندەرانیش رایانگەیاند، ئەگەر حکومەت داواکارییەکانیان جێبەجێنەکات خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە.

دواى ئەوەى شەوى رابردوو هاونیشتمانییانى شارەدێی وەرتێ و گوندەکانى رەژووکەریان و سەرنەوس، لەسەر پردى حافز لە نزیک رێگاى هامڵتۆن، خۆپیشاندانیان لە دژى نەبوونى کارەباى نیشتمانى کرد، لە ئەنجامى دروستبوونى گرژى لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، تەقە کراوە و هاونیشتمانییەک بە ناوى حەسەن رەحمان، تەمەن 45 ساڵ کوژراوە و پێنج کەسى دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆش تەرمى حەسەن رەحمان، لە گۆڕستانى گوندى رەژووکەریان بەخاکسپێردراو راگەیەندراوێک بەناوى ئەنجوومەنى باڵەکایەتى خوێندرایەوە و لە ڕاگەیەندراوەدا، هاونیشتیمانیانی وەرتێ داوایان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بێتە سەرخەت و بکوژ رادەستى یاسا بکات ئەگەر نا ئەوا دووبارە دەست دەکەنەوە بە خۆپیشاندان.