ڕوانگە- لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی پرسی کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێوان سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە لە پیرمام بەڕێوەچوو، هەروەها گرنگی ئەو کۆبونەوەیە لە ئێستادا،دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند ،"هەموان دەزانین کۆبونەوەکە لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا بەڕێوەچوو، کە کێشەی مووچە و دۆسییەی نەوت و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمدا، تاڕادەیەکی زۆر بووەتە مایەی دواخستنی ناردنی پشکی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران، وە فشارێکی زۆریش هەیە بۆئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن."

وتیشی: " بێگومان بەشێکی گەورە و بەرچای فشارەکان پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، کەداوا دەکەن ئەو کێشانە بەزووی چارەسەربکرێن، دەبینین بازاڕ وەستاوە، خەڵک بۆ سێ مانگ دەچێ مووچەی وەرنەگرتووە."

دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا، ڕونیشیکردەوە: " بەشێکی دیکەی ئەو فشارانە لەدەرەوە دەکرێن، ئەمەریکییەکان و قونسوڵگەری بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا لەو نێوانەدان و داوادەکەن هەردولا بڕێک سازش بنوێنن بۆئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێن."

سەبارە بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی دوێنێ، دکتۆر عەدالات عەبدوڵڵا،چاودێری سیاسی ئەوەی خستەڕوو، " ئەو کۆبونەوەی کە دوێنێ ئەنجام درا، پەیوەندی بە هەندێک لەو بەدگومانیانەوە هەیە، کە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە سەبارە بە هەڵوێست وەرگرتن لە دۆسییەکە، جا پێویستی بە ڕونکردنەوەی هەڵوێستی زیاتر هەبوو بەرامبەر بە یەکدی، وە ئەوەی کە زانراوە لە کۆبونەوەکەدا، لەسەر هەندێک بابەت لێکگەیشتن هەبووە و لەسەر هەندێک پرسی دیکە هێشتا جیاوازی بیروڕاهەیە."

ئاشکرایکرد:" ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت یەکێتی پێداگیری زیاتری کردووە لەسەر بژاردەی کشانەوە لە عیراق و داوای کردووە پەلەی تێدا نەکرێت و دەرفەتی زیاترهەبێت بۆ گفتوگۆ لەم ماوەیەدا، هەروەها هەوڵبدرێت کە ڕێگە نەدرێت دۆخی عیراق بچێتە قۆناغێکی نادیارەوە، چونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت، بەتایبەت کە هەرێم خۆی توانای بەڕێوەبردنی خۆی نییە، وە یەکێکی دیکەش لەسەرنجەکان ئەوەیە، بە پارتییان وتووە پێویست دەکات لە ئێستاوە بۆ داهاتوو بۆ هەر بابەتێک کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەبێت دەبێت ڕەچاوی شەراکەت بکرێت و نابێت بڕیاری یەکلایەنە بدرێت بۆئەوەی دواتر هەموو بچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە، وەهەروەها لەسەر ئەوەش ڕێککەوتون کە کاربکرێت بۆئەوەی لەم یەک دوو هەفتەی داهاتوودا کاربکرێت بۆ پرسی دابینکردنی مووچە و پێدەچێت لەم دووسێ ڕۆژەدا هەندێک پەرەسەندی تازە بێتەکایەوە، هەروەها لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە کە پەیوەندی بە دۆسییەی نەوتەوەهەیە، چونکە یاسای نەوت و غاز لە عێراقدا هێشتا کێشەی تێدایە، وەک پرۆژەیەک ماوەتەوە و یەکلا نەبووەتەوە."

دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد؛ "هەندێک جیاوازی بیرکردنەوە سەبارەت بە مافی هەرێم لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی خۆی و مافی حکومەتیفیدراڵی بەسەر سامانی سروتییەوە، ئەم جیاوازیانە لە شرۆڤەکردن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی سروشتیدا، هەندێک جیاوازی بیروڕا هەیە لەنێوان بەغدا و هەرێم، کە بە بۆچونی یەکێتی پێویستی بەوەهەیە چارەسەربکرێن، بەڵام هەوڵبدرێت ئەگەر بەشێوەی سولفەیش بێت لە دۆسییەی موچەدا لەم ڕۆژانەدا موچەیەک بگاتە هەرێم، ئەگەر بەشێوەی کاتیش بێت تا دوای هەڵبژاردن موچە بەردەوام بێت."

باسی لەوەشکرد: " پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆچونی هەبووە و پێی وابووە گەلەکۆمەکیەک هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدرێت قەوارەکە لێی بدرێت، وە پێیان وابووە لەم قۆناغەدا دەبێت هەمو هێزە کوردییەکان یەکبن، چونکە ئەگەر قەوارەکە نەما، ئەوا هیچ گەرەنتیەک نییە بۆئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت، ترسی ئەوەش هەیە ئەو سیستەمە لە مووچە کە لە هەرێم پەیڕەوکراوە ئەوەش نەمێنێت، کە هەموو ئەم تێڕوانینانە وایکردووە ئەم کۆبونەوانە بکات بە شتێکی پێویست لەم کاتەدا و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا نەتیجەی هەبێت، وە لەهەردولا چەند کەسێک ڕاسپێردراون بۆئەوەی جوڵەیەکی عەمەلی دەستپێبکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجانە."

لەوەڵامی ئەوپرسیارەی کە دەوترێت، مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی  هەرێم هەیە، ئایە بەجدی مەترسییەکی وەها بونی هەیە؟ دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی، باسی لەوەکرد:" ئەو مەترسییە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە تۆمارکردنی سکاڵایەکەوەهەیە، ئەم سکاڵایە تاڕادەیەکی زۆر سکاڵایەکی بابەتییە، چونکە زۆر پەیوەندی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنی پەڕلەمانەوە هەیە کە زۆر دواکەوتووە، هەروەها پرسیارێکی زۆر لەسەر شەرعییەتی ئەو فەترە زەمنییە هەیە کەتیایدا پەڕلەمان هیچ ڕۆڵێک نابینێت، وە ناوەڕۆکی سکاڵاکە لەسەر ئەوەیە کە پەڕلەمان کاتێک هەڵدەبژێرێت تەعبیرە لە ڕەئی خەڵک و پێویستە ڕەنگ بداتەوە و بەشێوەیەکی کرداری دەبێت بکەوێتەکار، بۆیە ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەم بڕگەیە بجوڵێنێت و بگاتە ئەو باوەڕەی کە پەڕلەمان هیچ ڕۆڵێکی نییە و پێویست ناکات هەبێت، ئەوا ئەگەرێک هەیە کەوا بڕیاربدرێت پەڕلەمان و وە شەرعییەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە بکەوێتە ژێر گومانەوە و بڕیارێکی بۆ دەربچێت، هەرچەندە دیارنیییە بڕیارەکە چ جۆرێکە."