ڕوانگە - لە رووداوەکانی شاری سوەیدا و دەوروبەریدا کە لە یەکشەممەی رابردووەوە سەریانهەڵدا، تاوەکو ئەمڕۆ بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، 248 کەس کوژراون. سەرۆکی روانگەکە دەڵێت، "هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ناوەناوە شەڕ و بۆردوومان دەکرێت."

 رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەوە بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی شاری سوەیدا و گوندی سەهوە بەلاتە، بە بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

 بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، هێڵی ئینتەرنێت و کارەبا لەسەر دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری بڕاوە.

بەپێی ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری قوربانییەکان تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە کە 248 کەس کوژراون، لەو ژمارەیەش 71 کەس لە خەڵکی پارێزگای سوەیدا، لەنێویاندا چوار منداڵ و دوو ژن هەن، هەروەها 156 چەکداری وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی کوژراون کە 18 کەسیان لە هۆزە دەشتەکییەکانن (بەدەوی)، 21 کەسیش راستەوخۆ گولـلەباران کراون کە سیانیان ژنن.