ڕوانگە -  سەفەرێکی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە تارانەوە بۆ شاری تەبرێز، پەردە لەسەر گەندەڵیەکی گەورە لەو وڵاتە هەڵدەداتە و هەر بەهۆی ئەو گەندەڵییەشەوە، پزیشکیان دوچاری گرفتێکی گەورە دەبێت.

مستەفا مەولەوی چاودێری تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە دیدارێکدا لەگەڵ سکرتێری حزب و لایەنەکانی دیکەی سیاسی لە پارێزگای قەزوین ئاشکرایکرد، لەکاتی سەردانێکی نافەرمیی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ شاری تەبرێز، سێ ئوتۆمبێلی تایبه‌تى سەرۆک کۆمارو پاسەوانەکانی، بەهۆی وەرگرتنی بەنزینی تێکەڵ بەئاو، لەڕێگه‌دا کوژاونەتەوەو سەرۆک کۆمار ناچاربوە بەتاکسی خۆی بگەیەنێتە تەبرێز.

مەولەوی وتیشی، "هەرسێ ئوتۆمبێلەکەی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدا کە بۆ سەردانێکی نافەرمی لەتارانەوە بەرەو تەبرێز دەچون، ماوەیەک دوای ئەوەی لەبەنزینخانەیەکی پارێزگای قەزوێن بەنزینیان کڕیوه‌، لەڕێگه‌ کوژاونەته‌وە، لەبەرامبەریشدا مەسعود پزیشکیان بەبێئەوەی داوای هاوکاریی لەپارێزگاری قەزوێن یا لایەنێکی فەرمی بکات، بەتاکسی خۆى گه‌یاندوه‌ته‌ تەبرێز.

چاودێرە تایبەتیەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرایکرد:" پاش لێکۆڵینەوەی تیمی پسپۆڕانی سەرۆک کۆمار، دەرکەوت ئەو بەنزینەی لەئوتۆمبێلەکانیان کردوە ئاوی تێکەڵکراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بەنزینخانەیەی بەنزینەکەی بەسەرۆک کۆمارو تیمەکەی فرۆشتبوو، پێشتریش بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی تێکەڵ بەئاو، سکاڵای لەسەربوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچونیان بۆ سکاڵاکان نەکردوە.

فرۆشتنی بەنزینی خراپ لەبەنزینخانەکانی ئێران لەماوەی ڕابردودا ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتوەتەوە، بەڵام فاتمە کاهی وتەبێژی کۆمپانیای نیشتمانیی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ئەم هەواڵانەی ڕەتکردبوەوەو وتبوی، "لەڕوانگەی زانستییەوە بەنزین تێکەڵ بەئاو ناکرێت".