ڕوانگە - ڕێکەوتنی بەغدا و هەرێم بە ڕستەی ڕادەستکردنی نەوت دەست پێدەکات. 

نەوت مادەیەکی ئێجگار گرنگ و سیحراوییە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری و ئابوری ئێمەدا. بۆیە گرنگ دەبوو کە چەندین کەس کاری مێژویی و ئەنترۆپۆلۆژی سیاسی و ئابورییان لە سەر بکردایە. بە داخەوە لە کوردستان هێندەی دەواجنی مریشک (بەناو) زانکۆ هەیە بەڵام سودی تورێکی کەلاریان نیە.

دەکرێت مێژوی هەرێم بە مێژوی نەوتەوە بنوسرێتەوە. نەوەی یەکەمی سیاسییە کوردەکان لەو جۆرە سیاسیانەبوون کە لە سەردەمی جیوپۆلەتیکی نەوتدا گەوروبوبون. بەو مانایە بڕوایان وەهابوو کە نەوت ئەو سەرچاوەیەیە کە ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا لە هەموو شتێک زیاتر لە ناوچەکە بە گرنگەوە مامەڵەی لە گەڵدا دەکات، بۆیە چارەنوسی گەلانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە پەیوەندییان بە نەوتەوە. بەو مانایە ئەگەر نەوتت هەبێت لە دونیادا بونت دەبێت، هەر بەم پێودانگە، ئەگەر کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی دونیا لە وڵاتەکەت بن ئەوا زلهێزانی دونیا دەتپارێزن. 

جارێک ئاشتی هەورامی بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت من لە ڕێگای نەوت و کۆمپانیاکانی نەوتەوە سەربەخۆیی کوردستان بە دەست دەهێنم.

ئەم ڕوانگەیە هەتا ڕیفراندۆم درێژەی هەبوو. لە ڕیفراندۆمدا نوخبەی سیاسی کوردی بۆیان دەرکەوت کە نەنەوت ئەو بایەخەی جارانی ماوە و نە بڕی نەوتی کوردستان هێندە زۆرە هەتا کاریگەری لە سەر سیاسەتی وڵاتان هەبێت. بەو مانایە نەوت بایەخی جیوپۆلەتیکی لە دەستدا. 

ئەمە کۆتایی ئەو سەردەمە بوو کە تاڵەبانی و هاوەڵەکانی لە ئەنکەرە بە داواکاری زۆرەوە لە محمد شەپیر و ئەوانیتر داوایان دەکرد کە دەست بە دەرهێنانی نەوت بکات لە کوردستان. لە کاتێکدا ئەو خاوەن کۆمپانیای گواستنەوەبوو، نەک نەوت.

کاتێک بەرپرسی ئیداری بۆتاش لە ئەنکەرە دیدی خۆیانی بۆ گێڕامەوە، دەرکەوت نەوت زیاتر ئێمەی وابەستە دەکرد لە بڕی سەربەخۆیی. بەڵام لە سیاسەتی کوردیدا ئەو عەقڵە هێندە نەڕسکابوو کە نەوت وابەستەت دەکات بە بازاڕ و نرخ و مەرجی کۆمپانیا و لە سەروی هەمویەوە ئەو عەقڵە عەرەبیەی کە نەوت بە بایەخترین کاڵای دەوڵەت دەبینێت. 

دیدی سەربەخۆیی و نەوت، لە کرۆکی پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و کورد و بەغدادایە. بە تایبەتی کاتێک نەوت لە خەیاڵی سیاسی عێراقیدا وابەستەیە بە دەستوەردانی بیانی و داهاتی وڵات زۆر چەمکی کۆلۆنیالیزمی تر، کە هۆکاری گەورەن و ڕێگریی لە دەچونی یاسای نەوت و غاز لە عێراقدا. هەروەها پاڵنەری گەورەن لەوەی عێراق چینی پێباشتربێت لە ئەوانیتر لە کەرتی نەوتدا.

نەوت هەمیشە کاڵایەکی جیهانییە، بەڵام کورد و نوخبەی کوردی هێشتا هەتا سەر ئێسقان لۆکاڵین. 

کاتێک نەوت سەربەخۆیی نەهێنا، نەوت بوو بە سەرچاوەی ئۆتۆنۆمی یەکێتی و پارتی لە ناو کایەی ئابوری کوردستاندا. بەو مانایە ستراتیژی نەوتی کوردستان بە ئەمری واقیع لە پرۆژەی سەربەخۆیی گەلێکەوە بوو بە سەرچاوەی دەوڵەمەندی حیزب و کەسەکانی هەتا بتوانن خۆیان بە سەر کۆمەڵگادا بسەپێنن. نەوت دەبێتە بنەمای گەشەکردنی کەرتی میدیا و پڕوپاگەندی شەخسی و حیزبی، دروستبونی سوپایەکی بێ سود لە فەرمانبەر، زۆر بواری تری بێ کەڵک.

هەموو ئەمانە گواستنەوەی خەڵکیان لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان خێرا تر کرد. ئابورییەکی نائابورییان بەرهەمهێنا، کە لە بڕی ئەوەی کوردستان بەهێز بکات یان سەربەخۆی بکات، لاواز و دەستەمۆی کرد. مرۆڤێک لە شوقەیەک لە شارێکدا تەنها بە داهاتی گشتی دەژی، هەمیشە لە قەراخی قەیراندایە. ئەم نەبونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابورییە پرسی موچەی کردە خەونی باڵای کورد، لە بڕی هەموو شتێکی تردا.

لە ساڵی ١٩٧٥ رۆمیلۆ بیتانۆکۆرت Rómulo Betancourt باوکی پرۆژەی نەوتی ڤەنزوێلا کە هەروەها بە باوکی دیموکراسی ڤەنزویلی دەناسرێت، لە ڕەشنوسی یاسای نەوتدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی دەنوسێت: دیدێکی باوە کە نەوت خراپترین خواست لە مرۆڤەکاندا هاندەدا. مرۆڤەکان پاڵ دەنێت بەرەو چاوچنۆکی خراپتر لە زێر. [دیارە مێژوی زێر لە ئەمریکا مێژویەکی ڕەشە].

نەوت لە بڕی کۆمەڵگایەکی بەهێز، بووە مایەی دروستبونی کۆمەڵگایەکی نمایشکاری فشۆڵی قات لەبەر. ماوەیەک زۆرینەی کورد خەونی ژمارەی مۆبایلی جوان و کەوانتەری نوێ و بەردی حەلان و جادەی پۆزەکە بوو. هەموو ئەمانە بەرهەمی مناڵێتی مرۆڤەکانن کە  داهاتی ئاسانی نەوت دنەی دەدا. 

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن نەوت لە بڕی ئۆتۆنۆمی بوە بە مایەی ملکەچی بۆ بەغدا؟ هۆکاری ئەمە زۆرن، بەڵام ئێمە زەمینەی ملکەچیمان دروست کرد. ئەگەر نەوت بکرایە بە بنەمای ژێرخانی ئابورییەکی بەهێزی کوردستان، ڕێگاوبان و کۆمپانیا و بازاڕ و کاری سەربەخۆی دروستکردایە، ئێمە توانامان زیاتر دەبوو لەوەی ئێستا. 

ئێستا دەڵێن نەوت بەتەنها بەش ناکات بۆیە دەبێت غازیش دەربهێنین. غازیش ئالەنگاریی زۆرە، کە بوار نیە قسەی لە سەر بکەین. 

نەوت لە سەردەمە جیوپۆلتیکی و ئابورییە جیاوازەکاندا ڕۆڵ و کاریگەریی دەگۆڕێت.  چیدی وەک سەردەمی سەرەتاکان و ناوەڕاستی سەدەی بیست نەوت بنەمای سەربەخۆیی نیە. لە ئابورییەکی جیهانی کە چین و هیند کڕیاری سەرەکین نەوت بەهای جیوپۆلتیکی نیە.

سەلمێنرا نەوت بەبێ مەعریفە و دەزگا دەبێت بەبەڵا.