ڕوانگە - وابڕیارە ئەمڕۆ شەممە 19ی تەمووزی 2025 کۆمەڵی دادگەریی کوردستان  لە شاری هەولێر، پێنجەمین کۆنگرەی خۆی ببەستێت و  تێیدا جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، گۆڕینی ناوی حیزبەکەش بۆ "کۆمەڵی ئیسلامی" یەکێکە لە ئەگەرەکان دەبێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای حیزبەکەش ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە زۆرینەی ئەندامان دەیانەوێت مامۆستا عەلی باپیر بەردەوام بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی خۆی بەربژێر نەکردووە.


شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند، کۆنگرەکە دوو رۆژ دەخایێنێت و 910 ئەندام مافی بەشداریکردنیان هەیە کە نزیکەی 180 کەسیان ئافرەتن و  نزیکەی 80 کەس خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەربژێر کردووە.
 
وتیشی، "بۆ پۆستی سەرۆکی حزبەکە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک خۆی بەربژێر نەکردووە و ناوی نەداوەتە لیژنەی باڵای ئامادەکاری، تەنانەت ناوی مامۆستا عەلی باپیريش وەکو خۆی بە فەرمی دیار نییە."
 
شوان ڕابەر، باسی لەوەشکرد:" لە رابردوودا عەلی باپیر ویستوویەتی لە کاری حیزبی دووربکەوێتەوە، بەڵام "کەسانێک لە کۆمەڵ، بەتایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا و سەرکردایەتی رێگەیان پێنەداوە بۆیە  ئەمجارەش هەر رێگەی پێنادەین و هەر دەمانەوێ خۆی بەربژێر بکات."
 
لەبارەی گۆڕینی ناوی حیزبەکە، شوان رابەر ئاماژەی بەوەکرد:" لە ڕەشنووسی پەیرەوی نێوخۆدا دوو بژاردە خراونەتەڕوو، مانەوەی ناوی "کۆمەڵی دادگەریی کوردستان" یان گۆڕینی بۆ "کۆمەڵی ئیسلامی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە و بە زۆرینەی دەنگ پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە."