ڕوانگە - ئەندامێکی پێشوی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هاتۆتە ئاراوە ڕێککەوتنێکی کاتییە، ئاماژە بەوەش دەکات، هەردولا نایانەوێت ڕێککەوتنێکی درێژخایەن ئەنجام بدەن و پابەند نابن بە دەستور و یاساوە.
ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" کاتێک یاسایەک دەردەچێت بەتایبەتی یاسای بودجە، پێویستمان بەوەیە چۆن بتوانرێت بودجەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، یاخود بڕیارێک کە لە دادگا دەردەچێت، چۆن بتوانرێت ئەم بڕیارە جێ بەجێ بکرێت، ئەمە پێویستی بەوەیە لە لە پێشوتردا کاری لەسەر کرابێت نەک ئێستا، وە پێویستی بەوەیە هەم لایەنە هونەریەکانی و هەمیش لایەنی سیاسی پێکەوە ڕێککەوتنی لەسەرکرابێت."
وتیشی:" چەندین جارە بە ئێمە وتراوە ڕێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە بۆئەوەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدابگات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدای بکات، بەڵام بەداخەوە هەردوولا پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نەبوون."
ڕێزان شێخ دلێر ڕونیشیکردەوە:" ئەم ڕێکەوتنەی ئێستاکراوە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە یەکێتی و پارتی دەزانن لە دۆخێکی خراپدان، دادەنیشن کۆبوونەوە دەکەن و بەپەلە وەفد دەنێرنە بەغدا بۆئەوەی ئەم گرفتە چارەسەربکەن، بەداخەوە ئەمە تەنها چارەسەرێکی کاتییە، لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بە ڕێککەوتن و چارەسەری درێژخایەن هەیە."
ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، ئاشکرایشیکرد:" ئەو ڕێککەوتنەی کە ئێستا کراوە و تەنها چارەسەرێکی کاتییە، لەکاتێکدا پێویست دەکات ئەم حیزبە سیاسیانە، بڕیاری ئەوە بدەن، ئایە دەتوانن پابەندی ئەو ئیلتیزاماتانەبن کە لەیاسای بودجەدا هاتووە،بەتایبەت بڕگەی 11 و 12 کە دەتوانن بەپێی ئەو بڕگانە مامەڵەبکەن، بەداخەوە ئێمە ئەمە نابینین و دەزانین حکومەتی هەرێم پابەندی ئەو بڕیارانە نابێت، و تەنها هەوڵ دەدەن چارەسەری کاتی بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە."
ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشوی پەڕلەمانی عێراق ئاشکرایشیکرد:" هەولێر و بەغدا، هەردوو لایان، پابەندی یاسا و دەستور نابن و هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەی کاتیدا دەگەڕێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوو حکومەتی هەرێم لەناوخۆدا هەوڵی بەهێزکردنی خۆیبدایە و لەم بارودۆخانەدا بەنیوەش بێت بیتوانیایە مووچەی چەند مانگێکی دابین بکردایە، بەڵام هەرێم ئەم هەنگاوەش نانێت و ئەوەی ئێستاش دەیکات تەنها بانگەشەیە بۆ هەڵبژاردن."