ڕوانگە - دۆخی ئەمنی عێراق و مامەڵەی گروپەچەکدارەکان لەم کاتەدا، نیگەرانی لای بەرپرسانی عێراق و تەنانەت وڵاتانی بیانیش دروست کردووە و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، ڕایدەگەیەنێت، ئەو گروپە چەکدارانەی کە لەدەرەوەی یاسا کاردەکەن، بوون بە گرفت بۆ عێراق و بەرپرسان بەهیچ شێوەیەک توانای ئەوەیان نییە کۆنترۆڵیان بکەن.
سروە محەمەد ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئەو هێرشە درۆنیانەی کە ناوبەناو دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کاری ئەو گروپانەیە و ئەمەش وایکردووە، هەرێمی کوردستان و عێراق ببنە قوربانیی کردەوەی ئەو میلیشیایانە و هێرشە درۆنییەکانیان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گروپانە نایانەوێت هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون.
وتیشی، "سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی گشتی هەیە و سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام لە دەرەوەی یاسا و لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە، ئێمە دەبینین بەشێکی دیکە میلیشیا هەن لە دەرەوەی دەسەڵاتە و گوێ لە دەسەڵات ناگرێت، بۆیە زۆرجار دەبینین هەردولا دەبنە قوربانیی ئەو گروپانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن."
سروە محەممەد ڕەشید، ئەدامی ئەنجومەنی عێراق، باسی لەوەشکرد:"هەرچەندە لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە پێکهێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێک نەگەیشتووەتە پەرلەمان و دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیش تەنیا بۆ گفتوگۆکردنە و هیچ بڕیارێکی تێدا دەرناچێت."