ڕوانگە - بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سكاڵا كۆبێتەوە كە لە دژی بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراون.

لە سكاڵاكەدا كە لە سەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمان تۆماركراوە هاتووە: دانیشتنەكەی ڕۆژی ٢ی  ١٢ی  ٢٠٢٤ كە دەبوو دەستەی سەرۆكایەتی تێدا هەڵبژێردرێت تەواو نەبووە، بۆیە داوا كراوە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و ئەو ئیمتیازاتە داراییانەی كە پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان بسەندرێتەوە و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش پابەند بكرێت بە ئامادەكاری بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە نزیكترین كاتدا.

لە سكاڵای دووەمیشدا كە لە دژی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی سەرۆكی هەرێم كراوە كە بووەتە ڕێگر لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

جێگەی باسە، بڕیاربوو ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگای فیدراڵی بۆ ئەمڕۆ دوایخست.