ڕوانگە - دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و تورکیا، سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق، لەڕێگەی تورکیاوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تورکیا ئەو ڕێککەوەنەی هەڵوەشاندەوە، لە ئێستادا بەرپرسێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكردووە، حکومەتی تورکیا دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیرتر لەبواری نەوت، وزەو کارەبادا لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆبکات.
ئەوبەرپرسە ڕونیکردووەتەوە:" بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ڕابردوودا کراوە هاتووە، ئەگەر هەرلایەنێک ئارەزوی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەبێت، دەبێت ساڵێک پێش وادەی بەسەرچونی، داواکارییەک بەنوسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنی بەرامبەر بکات، هەربۆیە لەسەر بنەمای ناوەڕۆکو بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی دەرکردوە. "
بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕونیشیکردووەتەوە:" لە ئێستادا وەزارەتی وزەی تورکیا نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردوەو خواستی خۆی بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، هاوکات ڕەشنوسی ڕێککەوتنێکی نوێ لەبواری وزەدا ناردوە کە لەڕێککەوتنی پێشوو گشتگیرترە؛ بەوپێیەی هاوکاریی لەبواری نەوتو گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیاییو کارەبای لەخۆدەگرێت، بەئامانجی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی نەوتی عێراق خەریکی لێکۆڵینەوەو پێداچونەوەدایە بەو ڕەشنوسی ڕێککەوتنەی لایەنی تورکی ناردویهتىو دانوستان لەگەڵیاندا دەکات سەبارەت بەو بابەتە، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی عێراقو تورکیا بکات".