ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل، بۆسەر غەززە و شەهیدکردنی هاوڵاتیان بەبێ تاوان و لاوازی هەڵوێستی جیهانی ئیسلامی بەرامبەر بەو تاوانکاریانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی غەززە دەکرێت، مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەی، پێشنوێژ و وتاخوێنی مزگەوتی گەورەی کەلار بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: "بەداخەوە کە دەوترێت وڵاتانی ئیسلامی، ئەمە تەنها ناوێکە و ناوەڕۆکی نییە، چونکە ئاینی پیرۆزی ئیسلام داوامان لێ دەکات، موسوڵمانان هەمویان یەکڕیز و یەک دەنگبن بەرامبەر ئەو هێرش و پەلاماران و ستمانەی کە دەکرێت، نەک بەتەنها ئەوە، بەڵکو ئاینی پیرۆزی ئیسلام پێمان دەفەرموێت کە زوڵم و ستەم بەرامبەر خەڵکی غەیرە موسوڵمانیش قبوڵ مەکەن و لەسەریان بێنە وەڵام.'

وتیشی:" دیارە هۆکاری ئەو بێدەنگییەی وڵاتانی ئیسلامی ئەوەیه کە پابەندنین بە ئاینی ئیسلامەوە، بۆیە دیفاع لە قەزیەیەکی ئیسلامی وەکو فەلەستین و بەتایبەتیش ئەو ستەمە گەورەیەی کە لە خەڵکی غەززە دەکرێت ناکەن و بەجواب نایەن و یەکناگرن و یەکڕیزنابن."

مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی شاری کەلار، ڕونیشی کردەوە:" وڵاتانی ئیسلامی نەک نەیانتوانیوە بەهێز بەرگری لە خەڵکی غەززە بکەن، بەڵکو نەیشیان توانیوە کۆمەک و هاوکاریشیان پێبگەیەنن، کە دیارە ئەوەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە پابەندی ئاینی پیرۆزی ئیسلام نین، لەکاتێکدا لەم ڕووەوە دەتوانن هەنگاوی گەورە بنێن و هاوکاری باشیان بکەن، نەک تەنها ئەوە، بەڵکو دەتوانن لەڕوی سەربازی و سیاسی و ڕاگەیاندنیشەوە پاڵپشتیان لێبکەن، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی سیاسی ئەو وڵاتانە نەک بەجواب نەهاتوون، لەسەر ئاستی هاوڵاتیانیش بێدەنگییەکی گەورە هەیە و نەتوانراوە وەک پێویست هاوکاری خەڵکی غەززە بکەن.'

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کەئایە بۆچی وڵاتانی جیهان بەگشتی بێدەنگن لەکاتێکدا ئەوان باس لە مافی مرۆڤ و ئازادی دەکەن؟ مامۆستا مەلا ئدریس ژاڵەی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی شاری کەلار، ئاشکرایکرد:"دەمێکە ئەوە ڕونبووەتەوە کەوانە تەنها دروشمن، وڵاتە زلهێزەکان لەبەرخاتری ستەملێکراوەکان نییە جاروبار دێنە وەڵام، بەڵکو لەبەر خاتری بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ماددی و داگیرکاریەکانی خۆیانە دێنە وەڵام، بۆیە بێگومان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش لەدونیا تەنها بەدروشم باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، ئەوەی لە غەززە ڕودەدات، دەیسەلمێنێ ئەو ڕێکخراوانەش سەربەخۆنین و لەژێر هەیمەنەی داگیرکاری سیاسی ئەو وڵاتە زلهێزانەدان و هەرکات  ئەو وڵاتانە چییان پێ باشبێت، ڕێکخراوەکان بەدەنگ دێن، هەرکاتیش ئەو وڵاتانە هەرشتێکییان بەلاوە گرنگ نەبێت، ئەوانیش بێدەنگ دەبن. '