ڕوانگە - شاری تارمایی بە چەندین ناوی جیاوازەوە ناودەبرێت وەك شاری ترسناك و ڕووحیانەتەكان شاری داخراو شاری تارمایی و جنۆكەكان . مەبەست لە شاری تارمایی گوازارشتە لەو شارەی كە دانیشتوانەكەی كۆچیانكردوە و هیچ كە سێكی تێدانەماوە یان بە زۆرەملێ لە ژێر كاریگەری چەندین هۆكاری جۆراوجۆر كۆچیان پێكراوە یان ئەو شارەیە كە دانیشتوانەكەی لەژێر هەڕەشەدا شارەكەیان چۆڵ دەكەن. (تی لیندس) دەڵێ شاری تارمایی ئەو شارەیە كە هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ بەردەوام بونی ژیان تێیدا. نوسەری ئەمریكی( لامبرت) دەڵیت شاری تارمایی گوزارشتە لەو شارەی كە ڕووخسارێكی شێواو و ترسێنەری هەیە بەشێوەیەك كە نامۆیە بەو دانیشتوانەی كە پێشتر تێیدا ژیاون.
بیگومان دروستبونی شاری ترسناك بێ هۆكار نیە بەڵكو چەندین هۆكاری جیاوازو جۆراوجۆری لە پشتەوەیە وەك :
1- وەستان و لە ناوچونی تەواوی ئەو چالاكیە ئابورییانەی كە شارەكە لە ژیان و گەشەكردنیدا پشتی پێ دەبەستێت.
2- ڕوودانی ئەو كارەساتە سروشتیانەی كە لە توانای مرۆڤدا نیە ڕووبەڕوویان ببێتەوە وەك بومەلەرزە، بوركان ، لافاو ...هتد.
3- لە دەستدان و نەمانی دەرامە سروشتییەكانی شار كە سەرچاوەی ژیانی شارەكەن هەروەها ڕوودانی گۆڕانكاریە ئاووهەواییەكان كە لە ئێستادا ڕووبەڕووی تەواوی ووڵاتانی جیهان بۆتەوە.
4- خێرای گەشەی شارنشینی كە لە سیما دیارەكانی سەردەمی ئێستایە وایكردوە دروستبونی شارە گەورەو مۆدێرنەكان هەندێك لە شارەكۆن و بچوكەكان بخاتە ژێر هەڕەشەی چۆڵ بون.
4- بڵاو بونەوەی نە خۆشی و برسیەتی و قات و قڕی و هەژاری شارنشینی و بێكاری .
5- یەكێك لە كاریگەرترین هۆكارەكانی دروستبون و سەرهەڵدانی شاری تارمایی ڕوودانی شەڕو جەنگە درێژخایەن و ماڵوێرانەكانە.
جەنگ و شەڕ لە ترسناكترین ئەو هۆكارانەیەكە زۆر بە خێرایی دانیشتوانەكەی ناچار دەكات كە شارەكە چۆڵ بكەن . شەڕو جەنگە ماڵوێرانیەكان شاری ترسناكت بۆ دروست دەكات كە تەواوی بیناو باڵەخانەكان و شەقام و كوچەو كۆڵانەكانی دەشێوێن و كاول و وێران دەبن و بە شێوەیەكی ترسناك دەردەكەون . شەڕو جەنگ هەریەك لە برسیەتی و قات و قڕی و كوشتن و مردنی بە كۆمەڵ و بڵاو بونەوەی نە خۆشی و پەتا لەشارەكە دروست دەكات، بە شێوەیەك بڵاوبونەوەی ئەو هەموو دیاردانە بەیەكەوە كە باسكران شارێكی تەواو ترسناك و سامناكت بۆ دروست دەكات كە ئەو شارە تەواوی مەرجەكانی ژیانی لە دەست داوە. كوردستان لە زۆر كاتی جیاوازدا شاری ترسناكی بۆ دروست بوە لە شێوەی شاری هەڵەبجەی شەهید دوای كیمیابارانی كردنی تەواوی شارەكە یەكێك بو لە ترسناكترین شارەكانی جیهان، شاری قەڵادزێ دوای ڕووخان و تەخت كردنی تەواوی شارەكە لەگەڵ زەوی دا بو بە شارێكی ترسناك شاری كۆبانی و چەندین شاری تر لە ووڵاتانی لە جیهاندا هەیە وەك ووڵاتانی یابان و ئۆكرانیا و میصرو هند و ئەڵمانیاو مغرب ...هتد . لە ئێستادا شاری غەزەی خۆڕاگر كە بۆتە ڕەمزو هێماو شكۆی بەرگریكردن لە نیشتیمان و بیرو باوەڕ و ئاین و نەتەوەكەی بەبەرچاو تەواوی ووڵاتانی جیهان بەتایبەت ووڵاتانی ئیسلامی لەلایەن ئیسرائیلی دژە مرۆڤایەتی كۆمەڵ كوژ و برسی دەكرێت و گەمارۆدەدرێت و قێزەونترین كاریان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت كە دوورە لە هەموو بەها مرۆڤایەتیەكان بەشێوەیەك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت گەیشتۆتە ئاستی بونە بە شاری ترسناك و ڕوحیانەتەكان شاری كۆمةڵكوژكراو چونكە بە هۆی درێژبونەوەی جەنگەكە تەواوی مۆڕفۆلۆجی شارەكە بە بیناوباڵەخانەو شەقام و كوچەو كۆڵانەكانی و تەواوی دانیشتوانەكەی هەموی بۆتە پارچەیەك لە وێرانە شارێك تەواوی دانیشتوانەكەی بەبەرچاوی تەواوی جیهان لە لێوارو لە ژێر هەڕەشەی مەرگ دایە بڵاو بونەوەی برسیەتی و هەژاری و بێكاری و كۆمەڵ كوژی و هەمو جۆرە سزایەك بۆتە ناسنامەی ئەو شارە . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیامی خۆڕاگری و بەرگریكردن لە نیشتیمان و وولاتەكەیان و تەسلیم نەبون و بڕوابون بە بیروباوەڕەكەیان بە گوێی تەواوی گەل و نەتەوەو ووڵاتانی جیهاندا چرپاند.
*سەرۆكی بەشی جوگرافیا