ڕاوانگە- لە نوسینێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردۆتەوە، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مهسرور بارزانى، ڕایگەیاندووە: "موچەخۆرانی سلێمانی، باجی هەڵمەتی ساختەی کەسانێک دەدەن کە دژی هەژماری من بون".
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لەئەندام و سەرۆکی حزبەکان، دژی موچەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە بون، ئەم کەمپینانەی ئەوان بوە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بەخزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە".
ناوبرا و هەریەکە لە سروە عەبدولواحیدو شاسواری برای، هەروەها غالب محهمهد، عەلی حەمەساڵح، ئەحمەد حاجی ڕەشیدو هۆشیار عەبدوڵڵا، بەوە تۆمەتبار کردووە کە دژی موچەدانی ئەلیکترۆنین لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من".
ئەوەیشی خستۆتەڕوو، "ئەوکەسانە هەڵدەستان بەبڵاوکردنەوەی چەندین زانیاریی ساختە کە دواتریش ڕاست دەرنەچون، سەرەڕای ئەمەش زۆرێک لەخۆیانو ئەندامانی حزبە سیاسییەکانیان، بەبێدەنگی خۆیان لەپڕۆژەی هەژماری من تۆمارکردوەو ئێستا سودمەندن لەخزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە، هەروەها باسی لەوەشکردووە، ئەم کەمپینانەی ئەوکەسانە بونە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بەخزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی هەژماری من، بەتایبەت لەناو چینی خانەنشینان، مامۆستایان، پزیشکانو هێزەکانی پۆلیس، کە وایکرد بێبەشبن لەئاسودەیی دەرونی، تەندروستیو کاتیشیان بکەنە قوربانی ئەم کەمپینە ساختانە".