ڕوانگە - عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، بە گرنگییەوە باس لە پرۆسەی چەکدانان دەکات و هەروەها گەرمترین سڵاو و باشترین هیوای خۆی ئاراستەی خەڵک و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە  دەکات.

 
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە  ئەمڕۆ شەممە 26ی تەممووزی 2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی دەم پارتی بڵاویکردۆتەوە ، "دوێنێ هەینی 25ی تەمموزی 2025 دیدارێکی سێ کاژێر و نیوییمان لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا."
 
باس لەوەکراوە:" لە دیدارەکەدا "بیروبۆچوون لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە ئاڵوگۆڕ کرا کە شاندەکە لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامی داون."
 
ئەوەشخراوەتەڕوو، زانیاری لەبارەی تێبینییەکان و کاردانەوەی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلا لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دراوەتە ئۆجەلان و لە بەرامبەردا، ئۆجەلان "شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، ویست، باوەڕ و سووربوونی پیشاندراو لەبارەی ئاشتی بە (زۆر بە نرخ و بەهادار) زانیوە."
 
سەبارەت بە کاری ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە کارنامەی پەرلەمانی تورکیادایە، ئۆجەلان هیواخواز بووە کە "بە شێوازێکی گشتگیر و فراوان، خزمەتێکی گرنگ بە ئاشتی و دیموکراسی بکات."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیدا هاتووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "گەرمترین سڵاو و باشترین هیوای خۆی ئاراستەی خەڵک و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرد."