ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی هۆکارەکانی پشت ئاڵۆزبوونی شەڕ لە غەززە، هەروەها ئامانجەکانی ئیسرایل بۆ یەکلاکردنەوە جەنگ، بەرامبەر بە حەماس، دکتۆر یاسین تەها، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: " هۆکار زۆرن بۆ ئاڵۆزبوونی جەنگ لە غەززە، یەکێک لەو هۆکارانەش کەلەم دوایەدا زۆر جێگەی باسە، ئەو ڕاڕەوەیە ئاوییەیه کە لەسەردەمی بایدن دا، کە پێی دەوترێت ڕێگەی (بەهارات)، لە هیندستانەوە دەچێت بۆ ئەوروپا و بەناو وڵاتانی عەرەبی وەک( ئیمارات، سعودیە، ئوردن) وە دواتر لە ئەوروپاوە دەگاتە ئەمەریکا.

وتیشی:" ئەم ڕێڕەوە کێبڕکێی ڕاڕەوی پشتێنە و ڕێگای چینییە، وە ئەم پرۆژەیە دەبێت هۆی خنکاندنی زیاتری ئێران، چونکە ئێران لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەدانییە، وە ئەمە دەستکەوتێکی گەورە و گرنگی بۆ ئیسرائیل تێدایە، کە بۆ یەکەمینجارە دەیخاتە ناو دڵی پرۆژەیەکی ستراتیژی سنوربڕەوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، چونکە ئیسرائیل لەوەتەی هەیە کێشەی گۆشەگیری و بایکۆتکردنی هەیە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییەوە، هەرچەندە بڕێک بەرەو کرانەوەچوون لەگەڵیا."

دکتۆر یاسین تەها، باسی لەوەشکرد:" ئەمە ململانێیەکی نێودەوڵەتی سروشتییە، بەڵام لەگەڵ هاتنی ترامپ دا ئەو کۆدە بازرگانیانە زیاتر جێگەی خۆیان دەگرن، هەرچەندە ململانێیەکان لە غەززە، ئاینییە، سیاسیە، جیۆستراتیجییە، جیۆپۆڵەتیکیی و زۆر هۆکاری دیکەش هەیە، بەڵام لە ئێستادا کە ترامپ کە تەنها زمانی بازرگانی تێدەگات و فۆکەسی لەسەر پرۆژە بازرگانیەکانە، بۆیە ئیسرائیلیەکان زۆر کار لەسەر ئەمە دەکەن، بەتایبەت کە خەمی گەورەی ئەمەریکا لەسەردەمی ترامپ، ڕکابەریکردنی چینە، بۆیە لەم قۆناغانەی دوای هەندێک زانیاری کە لە سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەدا باسی لێوەدەکرێت و هەندێک بەرنامەی بنکۆڵکاری کە لە میدیا ڕۆژئاوایەکانەوە باسی لێوە دەکرێت، بەشێک زۆر لە ئەم پێداگریەی ترامپ و ناتانیاهۆ، بۆ کۆتای پێهێنان بە غەززە وەکو قەوارەیەکی ئەمنی ئەوەیە، کە هەست دەکەن مانەوەی غەززە، بە هەرجۆرێک بێت و لە هەردۆخێکدابێت، تەنانەت ئەگەر بە دۆخی ئاشتیش بێت مەترسییە لەسەر ئەو ڕاڕەوە و نابێت دەسەڵاتێکی دژبەر کە حەماسە و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی ئێران دەکات، بونی هەبێت، چونکە هەرکات بیەوێت هێرش دەکاتە سەر ئەو ڕاڕەوە.بۆیە ئەوەی کە زیاتر ڕیکلام بۆ ئەمە دەکات میدیا ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیلە، بەتایبەت کەناڵی چواردە، کە لەسەر ناتانیاهۆ، هەژماردەکرێت."

دکتۆر یاسین تەها، ڕونیشیکردەوە:" ناتانیاهۆ لەم سەردانەی کۆتایدا ئەمەی کردووە بە ئەجێندای خۆی لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ ترامپ دا، ئەمەش بەشێکە لە بەکارهێنانی فێڵ و لێزانی لە زمانی بزنس و زمانی بازرگانی کە ترامپ باشتر تێدەگات لە سیاسەت و مێژو و ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە دۆسیێەی فەڵەستیندا هەیە."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەئایە چۆن بەرەیەکی یەکگرتوی ئاشکرا دژی ئیسرائیل دروست نابێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەئاشکرا دژی بەرژەوەندیەکانی زۆرێک لە وڵاتان هەنگاودەنێت، بەتایبەت ئێران و چین؟دکتۆر یاسین تەها، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی ئاشکرایکرد:" شەڕێکی ڕاڕەو هەیە لە ناوچەکەدا، جگە لەوەش ڕاڕەوی گەشە هەیە لە عێراقدا،  لە کەنداوەوە دەچێت بۆ تورکیا، وە لەو پرۆژەیەی کە بە پرۆژەی بەهارات ناسراوە،  تورکیاشی تێدانییە، هەرئەمەش وادەکات کە بڵێن یەکێکە لە هۆکارەکان کە تورکیا و ئێران پشتگیری حەماس دەکەن، هەروەها  ئەو ڕاڕەوەش کە کەندا و دەبەستێتەوە بە تورکیاوە دیسانەوە ئێران پەراوێز خراوە، بۆیە دوای ئەم جەنگە یەکەم کرانەوەی ئێران و کڕینی چەک لەڕێگەی چینەوە بووە، بەڵام ئەو جۆرە ڕاڕەوانە تەنها مەترسیەکەی لەوەدانییە کە ئێران پەراوێزخراوە، بەڵکو مەترسییەکەی ئەوەیە کە ئیسرائیل لەو دابڕانە مێژویە ڕزگار دەکات کە لە مێژووی حەفتا ساڵەی دامەزراندنیەوە پێوەی دەناڵێنێت، هیچ وڵاتێک نییە سنوری ئیسرایل بێت و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵیا هەبێت، زەڵکو هەمویان لەڕوی ستراتیجییەوە وەکو دوژمن تەماشا دەکرێن، لانی کەم جەماوەرەکانیان دۆستی ئیسرائیل نین، بۆیە پێویستیان بە کرانەوەیەک هەیە، بۆیە ئەم ڕاڕەوا ئیسرائیل دەخاتە ناو دڵی ئەو ڕاڕەوەوە و  دەیکاتە هۆکارێک بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوە، کەئەمە لەڕووی جیۆسیاسییەوە، گورزێکە لە پرۆژەی مقاومە و هێزە بەرهەڵستکارەکانی ئیسرائیل، بۆیە ئەم پرۆژە تەنها ڕەهەندی بازرگانی نییە، بەڵکو ڕەهەندی سیاسیشی هەیە."