ڕوانگە - دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە، نیگەرانی لای بەرپرسانی کورد دروست دەکات و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەێت، ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:" ئیدانەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەستگاکانی دەوڵەتدا دەکەین.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕونیکردۆتەوە:" بە بڕیاری ژمارە (٦٤٩٦)، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی.

باسی لەوەشکردووە:"دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی ڕەسمییە لە دەوڵەتدا، هەروەها ئەو بڕیارە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠١٤ی تایبەت بە زمانە ڕەسمییەکانی عێراقە، کە لە ژمارە (٤٣١١)، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێراقدا.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم ڕونیشیکردۆتەوە:"وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواکارین لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە.