ڕوانگە - لە پەیامێکیدا بۆ پشتیوایکردنی لە خەڵکی ستەم لێکراوی غەززە، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند:" غەززەییەکان بە ژن و پیاو و منداڵ و ساغ و نەخۆشەوە بە بەرچاوی دنیاوە دەکوژرێن و لە برسان دەمرن، دنیای ئەم رۆژگارە کە زلهێزە دڕندەکان تێیدا باڵادەستن و، بەرپرسانی وڵاتانی مسوڵمانانیشی تێیدا، زەبوون و پەست و بێ هەست و نەست و بێ هەڵوێستن، بەڵام ئەو دۆخە ئەرکی بەرپرسیارێتییمان لەسەرشان لانابات."
دەقی ەیامەکەی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان
غەززەییەکان بە ژن و پیاو و منداڵ و ساغ و نەخۆشەوە بە بەرچاوی دنیاوە دەکوژرێن و لە برسان دەمرن، دنیای ئەم رۆژگارە کە زلهێزە دڕندەکان تێیدا باڵادەستن و، بەرپرسانی وڵاتانی مسوڵمانانیشی تێیدا، زەبوون و پەست و بێ هەست و نەست و بێ هەڵوێستن، بەڵام ئەو دۆخە ئەرکی بەرپرسیارێتییمان لەسەرشان لانابات.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە کە داوا لە هەر مسوڵمانێکی جوامێر و رەسەن و هەر مرۆڤێکی بە جەوهەر و غیرەتدار دەکەم، لە کوردستان دا، چی پێ دەکرێت بۆ مسوڵمانانی کەرتی غەززە و فەڵەستین بە گشتی درێغیی نەکەن، زۆریش وریابن لە رێچکەی لارو لادەر و بیرۆکە ژەهراوییەکانی رەبیع مەدخەلیی و شوێنکەوتووانی لاساییکەرەوەی کوێرانەی، کە زوڕنا ژەن و ماستاوچیی حوکمڕانە میراتیی و بنەماڵەیی و خۆسەپێنەکانن و، زۆر کەسی بێ زانیاریی و کوێرانە شوێنکەوتوویان، شەرمەزاری لای خەڵک لە دنیاداو، گوناهبار و ڕیسوای لای خوا، لە بەرزەخ و قیامەت دا کردووە.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاندووە کە ئەوانەش کە بە پاڵنەری ئیمان یان هاندەری ویژدانی زیندوویان، هەر قسەیەکیان کردووە، هەر هەنگاوێکیان ناوە، هەر ئەندازەیەکیان بەخشیوە، شایستەی سوپاس و پێزانینن، کەسانی دژو پێچەوانەشیان، وێڕای لە ئیسلام و ئیمان دوورییان - لەو هەڵوێستەیان دا – لە ویژدان و مرۆڤایەتییشەوە دوورن.
مامۆستا عەلی باپیر ڕایگەیاندووە کە بێگومانیش مسوڵمانە مەرد و ئازاو فیداکارەکانی غەززە و فەڵەستین، دەرووی خێریان هەر لێ دەکرێتەوە و، قەوارەی زایۆنییش هەر لەبەر یەك هەڵدەوەشێ و، ئەوکاتەش بەرگریی لێکارانی غەززەیی و فەڵەستینییەکان، شادو سەربەرزو، پشت بەردەرە بێ هەڵوێستە وابەستەو دابەستەکانی حوکمڕانە بڵح و گوێ لە مستەکانی زلهێزان و قەوارەی زایۆنییش، جگە لە سڕینی ئارەقەی شەرمەزاریی هیچیان بۆ نامێنێتەوە./.