ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی بڕیاری بەقەزا بوونی قەرەتەپە و هەروەها مەترسییەکانی دەرئەنجامی ئەو بڕیارە لەسەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، شوان کەلاری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: " ئەگەر سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ، هەوڵنەدەن بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیاری بە قەزا بوونی قەرەتەپە ، ئەوا پەنا دەبەینە بەر دادگای ئیداری و دادگای فیدراڵی.'
وتیشی:" دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا حزب و لایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لە گەرمیان ، لە بارەگای مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی کۆبووینەوە ، بڕیارماندا هەڵمەتێکی ئیمزا کۆکردنەوە لە پەرلەمان دەست پێ بکەین و لەگەڵ یاداشتێک ئاراستەی ( هەرسێ سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی) بکەین ، ئەمەمان جێ بەجێ کرد وئیمزای (١٠٥) پەرلەمانتارمان کۆکردەوە ( سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیەکان ئیمزایان کرد) لەگەڵ یاداشتەکەدا ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەمان کرد، هەروەها بڕیارماندا ئەگەر ئەو سێ سەرۆکایەتییە بڕیاری بە قەزا بوونی قەرەتەپە ڕانەگرن ئەوا لە پێناو هەڵوەشانەوەی بە قەزا بوونی قەرەتەپە پەنا دەبەینە بەر دادگای ئیداری و دادگای فیدراڵی.'
شوان کەلاری ڕونیشیکردەوە:"پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ( بە نایاسای و بەبێ هەبوونی نیساب و بەبێ گفتۆگۆکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەن ) بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی (قەرەتەپە)ی داو مانگی ڕابردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق فەرمانی بۆ بەقەزاکردنی قەرەتەپە دەرکرد. ناحیەکانی (جەبارە و کۆکس، کوڵەجۆ )ی خستە سەر قەرەتەپە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناحیەی کۆکس لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە و دەنگی ناڕەزایی بەرز کرایەوە و پەرلەمانتارانی گەرمیان و حزبە کوردستانیەکان هەڵوێستی توندیان پیشاندا ، بۆیە لە و بڕیارەی پارێزگاری دیالە کە لە ٢٠٢٥/٧/١٦ دەریکردووە ، لکاندنی ناحیەی ( کۆکس) ی بە قەرەتەپەوە لابردووە.'
شوان کەلاری ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایشیکرد: "ئەگەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق هەڵوێستیان نەبێت و حساب بۆ ئەو ١٠٥ ئیمزایەی پەرلەمانتاران دژبە قەزابوونی قەرەتەپە نەکەن ، ئەوا لە داداگای فیدراڵی و لە دادگای ئیداری سکاڵا تۆمار دەکەین .'