ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی تاوانکاریەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بەرامبەر بە غەززە و بێدەگی وڵاتانی جیهان بەگشتی و جیهانی ئیسلامی بەتایبەیتی، هەروەها هەڵوێستی مسوڵمانانی کورد بەرامبەر بەو تاوانکاریانە، دکتۆر عەبدوڵڵا کەلاری پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئاشتی لە کەلار، ڕایگەیاند:" ئێمە وەکو مسوڵمان و وەکو میللەتی کورد، کە میللەتێکین سەد ساڵە مەزڵومین و زوڵممان لێ دەکرێت، لە هەموو میللەتەکان و قەومەکانی دیکە زیاتر هەست بەو ئێش و ئازارە دەکەین."
وتیشی:" ئێمە وەکو ئەخلاقی ئینسانی و مرۆڤایەتی و مسوڵمانیمان، هەروەها وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و نەتەوەیەکی بێوێنە لە دنیادا کەزوڵمان لێکراوە، لە هەرکوێدا مەزڵومێتییەک و ستەمێک هەبێت، بەتایبەتر ئەگەر ئەو زوڵمە لە ژنان و منداڵان بکرێت، ئەوا ئێمە پاڵپشت و هاوکار و خەمخۆرین، بەتایبەت بۆ پرسی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە، کە ئێشێکی قوڵە، چونکە فەڵەستینیش نزیکەی 80 ساڵە لە لایەن ببەشێک لە جولەکەوە ئەو زوڵمەیان لێ دەکرێت، کە بە بەرچاوی هەمو جیهانەوە و بە تایبەت بە پاڵپشتی وڵاتە زلهێزەکان زوڵمیان لێ دەکرێت کە ئەمە جێگەی داخە."
لە بارەی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و بەتایبەت ئەمەریکا،
دکتۆر عەبدوڵڵا کەلار، ڕونیکردەوە:" من لە خودی ئەمەریکا ئەم گلەییەم کردووە و لەوێش لای باڵاترین دەسەڵاتی جیهان قسەم کردووە کە چۆن دەبێت ئێوە باسی ئاشتی خوازی بکەن، لەکاتێکدا غەززە لە ناو ڕووبەرێکی 40کم یدا کە دوو ملیۆن خەڵک بەو شێوازە ئاگر باران بکرێن و ژن و منداڵ لە برسیا بمرن."
دکتۆر عەبدوڵڵا کەلاری پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئاشتی لە کەلار، ئاماژەی بەوەکرد:"ئێمە وەکو مسوڵمان وەک جەستەیەک وەهاین، ئەگەر بەشێک لە جەستەمان ئازاری پێبگات ئەوا هەموو جەستەمان ئازار دەکێشێت، بۆیە حەقوایە بەدوعاکانمان، بە ماڵمان، بەهەرشێوزێک کە لەدەستمان دێت، هاوکاریان بین، چونکە ئێمە زیاتر هەست بەو ئێش و ئازارانەیان دەکەین و ئەوەی ئێستا لە غەززە دەیبینین کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 دەخاتەوە بیرمان، بەداخەوە ئەوەشی دەکرێت بە بەرچاوی جیهانیشەوە دەکرێت، ئەو جیهانەی کە لاف بە مافی مرۆڤ و ژن و منداڵەوە لێ دەدات."
لەوەمی ئەو پرسیارەی کە ئایە بۆچی جیهانی ئیسلامی لە ئاست ئەو زوڵمەدا کە لە خەڵکی غەززە دەکرێت، بێدەنگ و بێهەڵوێستن؟ دکتۆر عەبدوڵڵا کەلاری پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئاشتی لە کەلار باسی لەوەشکرد:" بەداخەوە شتێک نییە بەناوی جیهانی ئیسلامییەوە، کە ئەوە حەقیقەتێکی تاڵە و دەبێت پێیبزانین و دانی پێدا بنێین، ئەوەی دەوترێت جیهانی ئیسلامی تەنها ناوێکی بێناوەڕۆکە، هەرچەندە خەڵکەکەی مسوڵمانە، بەڵام دەسەڵاتەکان هیچی تەنانەت یەک لە سەدیشی ئیسلامێکی ڕاست و پاک نین، ئاشکرایشیکرد، من هەمولایەک دڵنیا دەکەمەوە ئەم زوڵمە تەنها لە غەززەدا ناوەستێت، بەڵکو دەگاتە ناوجەرگەی مەکە و مەدینەش، چونکە ئەوان تەنها مەبەستیان تەنها غەززە نییە، بەڵکو ئەمەی دەکرێت تەنها سەرەتا و دەستپێکێکە."