ڕوانگە - ڕۆشنبیران_المثقفين ئەوانەن لە پرسی ڕۆشنبیری تێدەگەن و داکۆکی لە بەردەوامبوونی دەکەن و بە قایلکردنەوە بەشداری گفتوگۆ دەکەن، لەبەر هەبوونی ئەرگۆمێنتی زانستی و زانیاری فراوان و هێزی لۆژیک، بە کورتی ڕۆڵی دانوستانکار دەگێڕن لە ململانێ جیاوازەکانی ژیاندا.

ڕۆشنگەرانیش_المتنورين ئەوانەن سەرچاوەی بەخشینی ئیلهامی ڕۆشنگەری و پەیامی ئازادی و یەکسانی و ئاشتی و پێکەوە ژیانن لە سایەی سەروەربوونی یاسادا و ڕۆڵی فەیلەسوفێک دەگێڕن، لە دۆزینەوەی دەرەچەی دەربازبوون لە قەیران و دۆخە چەقبەستووەکاندا.

وشەی ڕۆشنگەر دوو مانا لە خۆ دەگرێت:
یەکەمیان: ئاماژەیە بۆ کەسێک کە تێگەیشتنێکی قووڵ و فراوانی هەبێت لە زانست و زانیاریدا. ئەم مانایە زۆرجار پەیوەستە بە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە کە شایەتحاڵی بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی بیرۆکەی عەقڵانی و فەلسەفی بوو.

مانای دووەم: ئاماژەیە بۆ ئیلومیناتی باڤاری، کە کۆمەڵێکی نهێنی بوون لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا لە ساڵی ١٧٧٦ لەلایەن ئادەم وایشاپتەوە لە شاری باڤاریای ئەڵمانیا دامەزراو ئامانجیان: بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ڕۆشنگەری (عەقڵانی) و پێشکەوتنخوازانە و بەرەنگاربوونەوەی کۆنەپەرستی و خورافاتی ئایینی و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی ئازادی و یەکسانی و برایەتی بوو.

لە واتای یەکەمدا مرۆڤی ڕۆشنگەر، کە خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵە و لە پلەبەندی دا: ئاستی لە مرۆڤی ڕۆشنبیر بەرزترە، چەن ئەرک و تایبەتمەندییەکی هەیە :
١- مرۆڤی ڕۆشنگەر بە توانای تێگەیشتن و شیکردنەوەی هەمەلایەنەی بابەتەکان، بە (قووڵی و قاڵی)ی، واتە قاڵبوونەوە تایبەتمەندە، نەک تەنها خۆی بە ڕاستییە ڕووکەشەکان ئاشنا بکات.
٢-خۆی لە نەزانی پێشوەختەیی ڕزگار دەکات، مرۆڤی ڕۆشنگەر هەوڵدەدات لە بیرۆکەی درۆ و تێگەیشتنە پێشوەختەکان دوور بێت، پشت بە عەقڵ و لۆژیک دەبەستێت لە هەڵسەنگاندنی بابەتەکاندا.
٣-مرۆڤی ڕۆشنگەر بە زانست و زانیاری فراوان و تێگەیشتنی هەمەچەشن لە بوارە جیاوازەکاندا تایبەتمەندە، ئەمەش وای لێدەکات باشتر لە جیهانی دەوروبەری تێبگات.

دوای زانینی پێناسەی ڕۆشنبیر و ئەرک و تایبەتمەندییەکانی ڕۆشنگەر، تێدەگەین کۆمەڵگەی ئێمە ڕۆشنگەرەکانی کەمن، بەتایبەتیش ئەوانەن کە بانگەشەی ڕۆشنگەربوونی خۆیان ناکەن! تەنها لە ڕێی نووسین و هەڵوێستەکانیانەوە، هۆشمەندییان دەیانناسین!
هەرچی دەستەبژێری ڕۆشنبیریشە، نیوەیان ڕاستەقینە نین و لە زۆر تاقیکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریدا دەرناچن!

بەڵام ڕۆڵی هەردووکیان تەواوکەری یەکترین بۆ درێژەدان بە ئارامی و سەقامگیری گشتگیر زۆر پێویستن

جا دەمەوێ بڵێم «ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ، پرۆسەیەکی بەردەوامە و وەک هەناسەدان وایە» ناکرێ بڵێی من لەسەردەمی نالییەکەی شارەزووردا هەناسەم داوە و ئێستا پێویستم بە ئۆکسجینی هۆنراوەو ئەدەب و ڕەوانبێژی ئاوێتە بە بیری ڕۆشنگەرانەی ئایینی ئەو سەردەمە نییە، ناکرێ بڵێی پیرەمێرد بە بەهرەی شاعیرانەی خۆی، کاتێ بەشێکی لە پەندی پێشینانی کورد، داڕشتووەتەوە و ئەوانەشی کە لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی و (ناوی سەرچاوەکەی نەهێنا) ئیتر بەسمانە و پێویستمان بە پەندو وانەی نوێ نییە بۆ ژیان!
ڕەوتی ژیان بەردەوامەو گۆڕانکارییەکانیش خێران، بۆیە مرۆڤی ناڕۆشنبیر زوو دەخاتە بەر هەژموونی لێکەوتە سەرپێیەکانی قۆناغە ڕاگوزەرەکان، کە داماڵراون لە بەهای ڕاستەقینە و نرخ بە پووچێتی دەدەن!
لەم ڕوانگەیەوەیە دەڵێم: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لە هیچ سەردەم و قۆناغێکی ئاسایی یان قەیراناوی، بارگاوی نابێ بە بیرو ڕەفتار و گوتاری نامۆ و نەرێنی و ناشارستانی و نابێتە جێی مەترسی، چونکە خوودانی کۆمەڵێ بەهاو پرەنسیپی تۆکمەو جێگیرو ڕەفتاری شارستانییەو بە حوکمی حیکمەتی مەعریفە، تەنگانەکان بە هەنگاوی شێنەیی تێدەپەڕێنێ و گەر بەرکەوتەی دۆخی نەرێنیش ببێ، دەرەچەی نوێ دەدۆزێتەوە و لە کڵاوڕۆژنەی هزری قووڵ و ڕوونەوە، کۆمەڵێ ڕێبازی چارەسەرخواز بۆ تێپەڕاندنی دۆخە نەخوازراوەکان، بۆ تاک و کۆمەڵ هەڵدەهێنجێنێ !»
گەر خوانەکردە ڕۆشنبیریش وەک عەوام خۆی بداتە دەست شەپۆلەکانی نائومێدی و قەیرانی کاتی و ژاوەژاوی ڕۆژ، ئەوا لوقمانێک نامێنێ بۆ چارەسەری دەردو ئاریشەکان و داوەرێک نامێنێ بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەو ململانێکان و گەڕانەوەی ماف بۆ مافخوراو و بەجێگەیاندنی دادپەروەری!… لێرەوە مەترسی جددی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پێشێل کردنی یاسا دێتە ئاراوە !

من کارم بەسەر مەعمەعەی ئاست نزمی نێوان هەندێ لە لایەنگرانی حزبەکانەوە نییە و نابێ، وەلی داکۆکی کردن لە بەردەوامی پرۆسەی ڕۆشنبیری و هوشیاری و بەجێگەیاندنی پرسی دادپەروەری و پاراستنی بەهاکان و پتەوکردنی ئینتیما بۆ نیشتمان، تەنیا ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە لێی تێدەگەن و بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن .