ڕوانگە - چەند ڕۆژێکە هاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای کەلار، کە پیشەی مامۆستایە، لەماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتە، لە ئێستادا بەگوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی پزیشیکی دادوەری کراوە.
بەگوێرەی زانیاریەکان تەرمەکەی دوێنێ بەیانی لە جۆگەی ئاوی باڵەجۆ لە نزیک سایلۆی خانەقین دۆزراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی کە نەناسراوەتەوە، ناچار رەوانەی پزیشکی دادوەریی باقوبە کراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی باسی لەوەکردووە:" دوای سۆراغکردنی لایەنە ئەمنییەکانی خانەقین و گەرمیان، دەرکەوتوە تەرمەکە هی گەنجێکە بەناوی (هەوراز حیسامەدین)، کە پیشەی مامۆستا بوە و دانیشتوی قەزای کەلار بوە و خێزاندارە، ماوەی سێ رۆژە لە ماڵەوە دەرچوە و سۆراغی نەبوە. لەئێستاشدا کەسوکاری بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی سەردانی پزیشکی دادوەریی باقوبەیان کردوە.
لای خۆیەوە چالاکوانێکی مەدەنی بەناوی ئەمیر خانەقینی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاوی کردۆتەوە: بەوپێیەی ئاسەواری لێدان بەجەستەی مامۆستاکەوە بوە، هەربۆیە گومان دەکرێت روداوەکە تاوانکاریی بێت، بۆ رونکردنەوەی ئەمەش لایەنە ئەمنییەکان دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە.