ڕوانگە - لەساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکاندا مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند:"خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەو تاوانانەیان لەبیرناچێتەوەو دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بەگشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی‌و مافە ڕەواکانی داوە".

بارزانى له‌و په‌یامه‌یدا هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەرگیز دەستبەرداری مافه‌كانمان نابین‌و بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبینه‌وه‌ کە هەوڵی داگیرکاریی‌و دوبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی‌و تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن".

بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "لەساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژیی‌و تاوانێکی دڕندانە ڕژێمی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدواداهات، لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بازرانی دادەنه‌وێنین‌و هەمیشە بەڕێزو شکۆوە یادیان دەکەینەوە".

ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، "بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردوو، دەڤەری بارزان چەندینجار ڕوبەڕوی هێرش‌و پەلاماری دوژمنانی کوردستان‌و سوتان‌و کۆمەڵکوژیی‌و وێرانکاریی بوەتەوە، بەڵام هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەرو ستەملێکراوی ئەم دەڤەرەو کوردستان بەگشتیی، بەشێوەیەکی قارەمانانەو لەخۆبردوانە، بەرگرییان لەکوردستان کردوەو خۆڕاگرانە، دوژمنان‌و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندوە".

له‌په‌یامێكیشدا بۆ حكومه‌تى عێراق، مه‌سعود بارزانى به‌پێویستى ده‌زانێت، "وەک هەمیشە دوپاتیدەکەینەوە، حکومەتی فیدراڵ پێویستە ئەرکی یاسایی‌و بەرپرسیاریەتیی دەستوریی خۆی بەرامبەر بەقوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال‌و کیمیابارانکردنی کوردستان‌و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێبەجێبکات‌و چیتر مافەکانیان پشتگوێنەخات".