ڕوانگە - دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی یەكی ئابی 2025، وردەکاریی کەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینیی بەرزبوونەوەی خۆڵبارین و کەمێک بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای کرد بۆ هەفتەی داهاتوو.
لە بەیاننامەیەکدا دەستەکە ڕای گەیاندووە، سبەی شەموو کەشوهەوا ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باکور و باشوور نزیک دەبن لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، بەڵام لە ناوەڕاستی وڵات کەمێک بەرزتر دەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکان، بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبن:
بەسرە: 50 پلەی سیلیزی
میسان و زیقار: 49 پلەی سیلیزی
نەجەف و موسەننا: 48 پلەی سیلیزی
کەربەلا، دیوانیە، واسیت، و بابل: 47 پلەی سیلیزی
بەغدا و سەڵاحەدین: 46 پلەی سیلیزی
کەرکووک و دیالە: 45 پلەی سیلیزی
هەولێر: 43 پلەی سیلیزی
دهۆک و سلێمانی: 42 پلەی سیلیزی
دەستەکە ئاماژەی بەوەیش کردووە کە ڕۆژی یەکشەم، بایەکی چالاک لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور هەڵدەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خۆڵبارین.
هەروەها ڕۆژی دووشەم، خۆڵبارین لەو ناوچانە بەردەوام دەبێت، بەڵام بۆ ڕۆژی سێشەم، پلەکانی گەرما بە گشتی بەرز دەبنەوە و بایەکی مامناوەند هەڵدەکات.