ڕوانگە - ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی ڤیم، هەستان بە هەڵمەتی دانان و ڕۆکردنی بڕی ٢٥٠ هەزار پەنجەماسی لە دەریاچەی دوکان.

سیروان سەرحەد خەلیفە، قایمقامی قەزای دوکان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"بەنداوی دوکان یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە سامانێکی زۆری ماسی لێ بەرهەم دێت، هەروەها ساڵانە دوای کۆتایهاتنی وەرزی زاوزێ، لەم وەرزەدا لەڕێگەی وەزارەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە، هەوڵدەدەین پەنجەماسی دابین بکەین.'

وتیشی:" ئەمساڵ توانیومانە ٢٥٠ هەزار پەنجەماسی دابین بکەین و ساڵانی ڕابردووش بەبڕی جیاواز پەنجەماسیمان ڕۆکردوەتە بەنداوەکەوە.'

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە کاریگەری وشکەساڵی و کەمی ئاو لە بەنداوەکەدا، تاچەند گرفتی بۆ سامانی ماسی دروست کردووە؟
سیروان سەرحەد، ڕونیکردەوە:" بەدڵنیاییەوە وشکەساڵی و کەم ئاوی، کاریگەری گەورەی لەسەر کۆی ژینگە هەیە، بەتایبەت سامانی ماسی، بەداخەوە لەمساڵدا بەنداوی دوکان، بێبەش نەبووە لەو زەرەر و زیانانە، بەتایبەت بەهۆی وشکبونی کانی و ئەو سەرچاوە ئاوانەی کە دەڕژێنە بەنداوەکە، لەگەڵ ئەوەشدا زیادبونی ڕاوی ماسی لە بەنداوەکەدا، ئەمەش زیانی گەورەی لەم سامانە گرنگەداوە.'

ئاماژەی بەوەشکرد،  ئێمە لەمڕۆوە لە هەوڵی ئەوەداین، ڕوبەری ئەو ناوچە قەدەغەکراوانەی کە لە بەنداوەکەدا دیاریکراون فراوانتری بکەین، بۆئەوەی ئەو ماسییە گەورانەی کە دەتوانن زاوزێی زیاتربکەن، لەناونەچن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەکانی ڕابردوودا بەتەواوەتی ئاوی زێی بچوکی گرتبووە، ئەو ئاوەی کە دەهات تەنها لە چرکەیەکدا (٥)م  سێ جا ئاو دەهات، کە ئەمەش بڕێکی ئێجگار کەم بوو، چونکە ڕۆژانە (٥٥)م سێ جا ئاو لە بەنداوەکەوە دەردەچوو، ئەمەش دیسانەوە زیانێکی زۆری لە سامانی ماسی دابوو.'

قایمقامی قەزای دوکان، ئاشکرایکرد:" بە بەردەوام لەڕێگەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە و هەروەها تیمەکانی بەرگری و فریاکەوتنی قەزاکەوە، چاودێری بەنداوەکە دەکەین و بەهەموشێوەیەک ڕێگری دەکەین لە دیاریدەی ڕاوی نایاسی،

لە بارەی هاوکاریەکانی ڕێکخراوی ڤیم بۆ قەزاکە سیروان سەرحەد خەلیفە، قایمقامی قەزای دوکان ڕونیکردەوە:" ڕێکخراوی ڤیم لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر هاوکاربون، چ لە پاککردنەوەی بەنداوەکە و چ لە سەوزکردنی قەزای دوکان و ئەمساڵیش بە دابینکردنی بڕی ٢٥٠ هەزار پەنجەماسی دیسانەوە هاوکار و هەماهەنگ بوون، کە بەشێوەیەکی زۆر تایبەت پەنجەماسییەکانیان ڕۆکردە ناو بەنداوەکەوە کە جێی سەرنجی ئێمەبوون.'