ڕوانگە - لە وتوێژی لەبارەی ئامانجەکانی تورکیا لە گرتنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات و هەروەها هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بەو هەوڵەی تورکیا و پاشان کاریگەری گرتنەوەی ئاو لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی،  دکتۆر هەڵەت ڕەشید مامۆستای زانکۆ بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"سیاسەتی گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە هیچ کارییگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، چونکە تورکیا پرۆژەکانی ئاودێری زیاتر لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات دروستکردووە و کە ئەو دوو ڕووبارەش هیچیان بە هەرێمی کوردستاندا تێناپەڕن،"

وتیشی:" هەریەک لە خاپور، زێی گەورە، زێی بچوک. سیروان، ئاوەسپی، ئەمانە هیچیان لە تورکیاوە نایەن تاوەکو کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، هەرچەندە بەشێک لە خاپور و زێی گەورە لە تورکیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ پرۆژەیەکیان لەسەر دروست نەکراوە، ئەو کاریگەرییەی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە.بۆیە سیاسەتی ئاوی تورکیا، تەنها کاریگەری لەسەر عێراق هەیە."

مامۆستاکەی زانکۆ ڕونیشیکردەوە:" تورکیا دان بەوەدا نانێت کە سیاسەتی ئاوی وڵاتەکەی کاریگەری لەسەر عێراق هەبێت، بەڵکو دەڵێت گلدانەوەی ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و کارەبا و پیشەسازی بەکار دەهێنێت، بەڵام لە کۆتایدا کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت و دەبێتەهۆی کەمبونەوەی ئاو، کە بەم هەنگاوەش تورکیا دەیەوێت عێراق ناچاربکات لەبەرامبەردا، نەوت بە بۆڕی هەناردەبکات، یاخود نەوتی بەنرخێکی هەرزانتر پێبدات، یاخود ئەم فشارە بۆ مەسائیلی پەکەکە و سنوری وڵاتەکەی بەکاربهێنێت، بەڵام سەرەڕای بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە ڕاستەوخۆ ناڵێت من ئەم ئامانجانەم هەیە، بەڵکو دەڵێت ئەو سەرچاوە ئاویانە موڵکی تورکیان و وەکو سامانێکی سروشتی بەکاری دەهێنم."

دکتۆر هەڵەت ڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد:"تائێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ڕووبەڕووی ئەم هەنگاوەی تورکیا ببێتەوە، چونکە، هیچ دەسەڵاتێکی نییە و تەنها ناچارە گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا بکات بەمەرجەکانی تورکیا ڕازی بێت."

دکتۆر هەڵەت ڕەشید،امۆستا زانکۆ  ئاشکرایشیکرد:" سەرەڕای هەبونی یاسای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی ئاوی  هەرێمایەتی، بە پێی ئەو یاسایە کە ئەگەر سەرچاوەیەکی ئاو هەبێت لەنێوان چەند هەرێمێکدا، پێویستە لایەک بەکاری بهێنێت بەمەرجێک کاریگەری نەبێت لەسەر لایەنەکانی دیکە، بەڵام هیچ وڵاتێک پابەندنابێت بەم یاسایەوە."

باسی لەوەشکرد:" ئەم هەنگاوەی تورکیا کاریگەری گەورەی لەسەر ژینگەی عێراق دروست دەکات و دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و وشکبوونی زەوی و بەبیابوون زیاتر دەکات."