ڕوانگە- دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی (عەجاج ئەحمەد حەمدان تکریتی)، کە لەنێو کوردا بە (جەلادی ئەنفال) ناسراوە، لە ئێستادا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، داوایەک ئاراستەی سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و هەموو ئەو کەسانە دەکات ، کە دەیانەوێت سکاڵا دژی ئەو تاوانبارە تۆمار بکەن، پێویستە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی سکاڵا سەردانیان بکەن.

جەبار شەهید محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لەلایەن خانمی یەکەمی عێراقەوە فۆرمێکمان بەدەستگەیشتوە، بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت سکاڵا دژی(عەجاج) تۆماربکەن، بۆیە هەرکەسێک دەیەوێت سکاڵا تۆماربکات دەبێت سەرەتا ئەو فۆرمە پڕبکاتەوە.

وتیشی:" داوا  لە هەموو کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی ناو قەڵای نوگرە سەلمان دەکەین،   هەر کەسێک سکاڵا تۆمار دەکات دژی تۆمەتبار ( عەجاج ئەحمەد حەردان) با لە ڕۆژی دووشەممەوە بەرواری 4\8\2025 وە تاوەکو بەرواری 9\8\2025 سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتیمان بکات بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی سکاڵا.

جەبار شەهید محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان ڕونیشیکردەوە:" پرۆسەکە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری خانمی یەکەمی عێراقدا بەڕێوە دەچێت، هەروەها هەموو پێداویستییەکان دابیندەکرێت بۆ ئەوکەسانەی کە فۆرمەکە پڕدەکەنەوە و بەشداردەبن لە پرۆسەی سکاڵاکردنەکەدا.