ڕوانگە - بڕیاربوو دوێنێ دووشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٥ دانیشتنی پەڕلەمانی عێراق، لەبارەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، هەموار بکرێتەوە، بەڵام  بە هۆی ململانێی نێوان ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە ناو پەرلەماندا، دانیشتنی دوێنێی پەڕلەمان دواخرا.

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەڕلەمانی عێراق، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" چەندین مانگە، وەکو لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زندانی سیاسی، سەرقاڵی هەموار کردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیە سیاسیەکانین،  دوێنێ  زۆرینەی پەرلەمانتاران ئامادەبوون و دانیشتنی پەرلەمان دەستی پێ کرد،  بەندە لە ئێستادا سەرۆکایەتی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق دەکەم، یەکەم بڕگەی دانیشتەکە هەمواری یاسای دامەزراوەی زیندانیە سیاسیەکان بوو،  سەرۆکی پەرلەمان داوای لێکردین، دەست بە خوێندنەوەی یاسەکە بکەین."

وتیشی:" بە گوێرەی هەموارەکە زندانیانی ئەنفال و ئاوارەکانی هەڵەبجە ، (ئەو هاوڵاتیانەی هەڵەبجە  دووای کیمیاباران چوونە وڵاتی ئێران)  بەگشتی ئەو هاوڵاتیانەی  كوردستان کە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری ڕووخاوەوە  زیندانی و دەستگیرکراوی سیاسی بوون، بە ماف و ئمتیازاتی خۆیان دەگەن."

شوان محەمەد ڕونیشیکردەوە:" دووای ئەوەی مادەی یەکم خوێندەوە و داوام کرد دەنگی پێ بدەن ، تەنها پەرلەمانتارانی کورد و ژمارەیەکی کەم پەرلەمانتاری عەرەب دەستیان بەرز کردەوە ، پەرلەمانتارانی تری عەرەب   دەستیان کرد بە هاوار کردن و  ویستیان پەلامارمان بدەن ، بەتوندی دژی هەموارەکە وەستانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد،  لە کاردانەوەی ئەم هەڵوێستە خراپەی ئەواندا، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا،جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان ، دانیشتنەکەمان بایکۆت کرد و چووینە دەرەوە و نیسابمان شکاند ، بۆیە هیچ کام لەو پرۆژە و پێشنیارە یاسایانەی کەبۆ دەنگدان ئامادەبوون نەمان هێشت تێپەڕێت."

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەڕلەمانی عێراق، ئاشکرایشیکرد:" بەداخەوە ئەوان هەرشتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و شەهیدان و ئەنفال و قوربانیەکانی کوردستان بێت، بێشەرمانە دژی دەوەستنەوە، کە بەداخەوە ئەوان قەرەبووی دەوڵەتی کوێت بەڕەوا دەزانن، ئەوان هەموو هاوڵاتیانی خۆیان ( ئەوانەی لەسەر دەستی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس زیانیان پێ گەیشتووە ) قەرەبوو کردووەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامن لە قەرەبوو کردنەوە ، بەڵام بەتاوانی دەزانن قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال و زندانیان و ، قوربانی دەستی بەعس لە کوردستان قەرەبوو بکەنەوە."