ڕوانگە - تۆ لە فەیسبووکەکەی خۆتەوە چەند وێنە و پۆستت بینی لەسەر مردنی فڵان هونەرمەند و نووسەر، خۆت و خەڵک لە دڵەوە چی دەڵێن؟

ئەمەش هەر قەرەباڵخییە، ئەمەش رێزگرتن و پێزانینە بۆ رەنج و بەرهەم و کارەکانی کۆچکردوو. کەناشتنەکەی قەرەباڵخ نییە یان پرسەکەی، ئەمە پێوەرێکی عەشایەریی و کۆمەڵایەتییە.

من پرسەی قەرەباڵخی وام بینیوە، مردووەکە یان کەسوکاری مردووەکە ئەسڵەن ئینسانی زۆر تاوانبار و خراپەکار و ئینسانکوژ  خیانەتکاری نیشتمانیی بووە. ئایا دەکرێ قەرەباڵخییەکەی بکەینە پێوەر بۆ رێزگرتن لەو کەسایەتییە یان ڕێزگرتن لە کەسوکارەکەی؟

نەخێر.. ئەمانە پێوەری عەشایەریی و خێڵەکییبوونن. کورد وتوویەتی: شایی و شیوەن دەسەوامن.
کەواتە ئەو قەرەباڵخییانەی پرسە و ناشتن، هەموویان پەیوەندییان نییە بە رێزگرتن و پێزانین بۆ مردووەکە.

پێموایە زیادەڕۆیی زۆر دەکرێ لۆمەکردنی خەڵکی خۆمان سەبارەت بە چۆڵبوونی پرسەی فڵان کەس.

هونەرمەندەکان.. شاعیرەکان... نووسەرەکان... ئەمانە زۆرجار خۆیان بە دەستی خۆیان دنیاکەیان بچووک دەکەنەوەو درزێکی گەورە ئەخەنە نێوان خۆیان و هەوادارەکانیانەوە. ئیتر بە گۆڕینی هەڵوێستێکبێ یان خۆبەستنەوەیان بە حزبێکەوە

بۆیە ناکرێ بەهۆی مردنی کەسێکەوە، باری سۆز زۆر زاڵبێ بەسەرماندا و کۆچکردوو بکەین بە پەرییەک کە دەبوو گشتمان بە دەوریدا بواین. دەبوو شاهانە بژیایە چونکە هونەرمەندبووە یان نووسەربووە یان شاعیر. دەبێ پێوەرەکە ئەوەبێ، ئەو کەسە تا چەند پابەندی بنەما ئەخلاقییەکانی پیشەکەی بوو؟
چەندێک توانی خۆی و هونەر و بەهرەکەی بە سەنگینی رابگرێ لە ئاست چەوتوچەوێڵییەکانی  رۆژگارەکەی؟

ئەگەر ڕاستگۆ و پابەندبووبێ، ئەوا تۆ و هەزارانی وەک تۆ ناتوانن نادیدەی بگرن و بۆ مردن و  ژیانەکەی رێزێکی زۆر دانەنێن.

لێرەدا مەبەستم تەنیا کەسێک نییە کە دەمرێ، بەڵکو مردنی ئەوانەی دوێنێ  و پێرێ مردن و ئەوانەیشی ئەمڕۆ و سبەینێ دەمرن.