ڕوانگە – حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەینێت:" کە زیاتر لە 74,000 سوودمەند لە لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەی دیجیتاڵی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانی مانگی حەوت وەردەگرن.
ئەوەش ڕونکراوەتەوە:" ئەم ڕێژەیە بەراورد بە مانگی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دەستکەوتێکی دیکەیە لە بەهێزکردنی ڕێکەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ دابەشکردنی پارەی هاندانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە:" تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 850,000 سوودمەند لە کەرتی گشتی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەژماری بانکی لەژێر پڕۆژەی هەژماری من، هەروەها لە مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 400,000 فەرمانبەری مەدەنی بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەرگرت لە بانکە ڕێگەپێدراوەکانی بانکی ناوەندی عێڕاق.
هەروەها، لە پرۆژەی هەژماری من، تاوەکو ئێستا، نزیکەی 400 ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون و هاوڵاتیان دەتوانن بەکاریانبهێنن لە هەر کاتێکدا.