ڕوانگە - كۆنفڕانسی پێكهاتەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا كۆتایی هات و لە بەیاننامەیەكدا یەكهەڵوێستی خەڵكی ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر ڕاگەیانرا و پەیامێك درا بە دیمەشق، كە “دەستووری دیموكراسی و سیستمی لامەركەزییان دەوێت”.
كۆنفڕانسی پێكهاتەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستورێکی دیموکراسیمان دەوێت گەرەنتی فرەیی و بەشداری سیاسی هەموو پێکهاتەکان بکات و سیستەمێکی نا ناوەندی دابمەزرێنێت و رێز لە تایبەتمەندییە کولتوری و جوگرافییەکان بگرێت.
بەپێی بەیاننامەكە، فرەچەشنی نەتەوەیی و ئایینی و کولتوری لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، نمایندە و سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە نەک هەڕەشە، داوای پێداچوونەوەش بە بەیاننامە دەستورییەکەی دیمەشق دەكەن، کە چاوەڕوانیی سوریاییەکان بۆ ئازادی و شكۆمەندی بەدیناهێنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە: پێکهاتەكان لە ژێر دەستی رژێمە ناوەندییەكان، بە تایبەتی لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا، دەیان ساڵە پەراوێزخران، ئەو کارانەشی دەرهەق بە دانیشتوانی ناوچە کەناراوییەکان و سوەیداو مەسیحییەکان ئەنجامدەدرێن، دەگاتە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە.
بەشداربووان پێزانینی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەربڕیووە و بە ناوكی سەرەكی بونیادی سوپای نوێی نیشتمانی سوریا ناویان بردووە.
هاوكات پابەندبونی خۆیان بە دەرئەنجامەکانی رێککەوتنی عەبدی _شەرع و کۆنفرانسی “یەکڕیزی کورد” دووپاتکردەوەتەوە، وەک هەنگاوێک بەرەو کۆدەنگیی نیشتمانی.