ڕوانگە - محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پێی وایە تەنیا رێگە بۆ دەربازبون لەو قەیرانەی هەیە، كشانەوەی كوردە لە بەغداو بڕیاردرانی دابەشكردنی موچەیە لە داهاتی ناوخۆی هەرێم.

محەمەد حاجی مەحمود، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانەوە، لەبارەی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر وتی"هەمو شتێك لەگەڵ بەغدا تاقیكراوەتەوە، كورد هیچ شتێك نەماوە نەیكات، داهات و نەوتی رادەستی بەغدا كردوە، ئەوەی كە هەبوە رادەستی كردوە، ئەوەی كە ئامادە نییە و كوردی قبوڵ نییەو كورد لە بەرنامەیدا نییە، حكومەتی عێراقە."

وتیشی"حكومەتی عێراق و ئێمە لە شەڕی داعشدا، پارە و موچەی خەڵكی ناوچەی موسڵ و تكریتمان ئەنارد، ساترەكەمان لائەدا لە كەركوك، پارەكەمان تەسلیمی داعش دەكرد، ئەمانوت خەڵك گوناحە ئەبێت موچەو پارەی خۆی بۆ بڕوات. بەڵام ئەوان دێن موچەو بودجەی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میللەتێك كە زیاتر لە 6 ملیۆن كەسە دەبڕن، ئەمە لە هیچ قاموسێكدا نییە. "

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە "من پێموایە باشترین چارەسەر بۆ خەڵكی كوردستان، ئەوەیە هێزە سیاسییەكان كۆببنەوەو ئەنجومەنێكی سیاسی دروست بكەن كە هەمو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەخۆبگرێت و لە بەغدا بكشێنەوە. پاشان داهاتی كوردستان كۆبكەنەوە ئەوەی كە هەمانە و ئەوەندەی كە بەش دەكات بودجە و موچەی خەڵكی كوردستانی لێ بدەن، ئەوە تەنیا چارەسەر و تەنیا رێگەیە بۆ دەربازبون لەو قەیرانەی كە هەیە."