ڕوانگە - ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپه‌رله‌مانی عێراق،  ئاماژەی بەوەکردوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەپارێزگای کەرکوک لەئێستادا قورسە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ تەواونەبونی وردبینی تۆماری دەنگدەران.

ساڵحی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان توانای جێبەجێکردنی وردبینی پێویستی نییەو بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەئێستادا، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکەرکوک قورسە بەهۆی تەواونەبونی وردبینی تۆماری دەنگدەران".

هەروەک داوایکردوە کە "هەوڵەکان خێراتر بکرێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێشئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەردەوامبێت".

بەهۆی ئەوەی کەرکوک بەردەوام گرژیی سیاسیی بەخۆوە دەبینێت لەسەر دۆسیەی دەنگدەران‌و نوێکردنەوەی زانیارییەکانی هەڵبژاردن، ئەمەش نیگەرانی دروستکردوە سەبارەت بەئەگەری دواخستنی دەنگدان.