ڕوانگە - ھێزی دیمۆگرافیا بوارێکی گرنگی ھێزە، مەبەست لەو ھێزەش دانیشتوانی ووڵاتە ، بەدڵنیاییەوە ئەو ھێزەی  لەدیمۆگرافیاوە دەست دەکەوێت بەشێکی سەرەکی  ھێزی دەوڵەت پێک دەھێنێت . لەدنیای ئەمڕۆدا نمونە گەلێکی باش ھەیە کە ھێزی دیمۆگرافیا محوەری سەرەکی ھێزی دەوڵەتە، وەک چین و ھیندستان ئەمەش ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە ئەو وڵاتانە دەتوانن ھێزی دیمۆگرافیا لە بواری سەربازی و ئابوری و ...ھتد بەکاربھێنن، لەھەمانکاتدا وەک محوەری سەرەکی دەستکەوتی سیاسی و ستراتیژی بەکاریبھێنن.

 ھێزی دیمۆگرافی لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیەوە گرنگیەکی زۆری ھەیە ، بەشێوەیەک زۆری ژمارەی دانیشتوان بنەمایەکی گرنگە بۆ دروستکردنی ھێزی سوپا ،چونکە تاوەکو ژمارەی دانیشتوانی ووڵات زۆرتربێت دەوڵەت توانای دروستکردنی ھێزی سەربازی زیاتری دەبێت. ھەروەھا زۆری ژمارەی دانیشتوانی ووڵات یارمەتی دەوڵەت دەدات لەکاتی جەنگە درێژ خایەنەکاندا زیاتر بەرگە بگرێت و درێژە بە مانەوە و بەردەوامی جەنگەکە بدات. بێگومان زۆری ژمارەی دانیشتوانی ووڵات لە کاتی ڕوودانی شەڕوجەنگ و تەنگەژەی سیاسی خاڵی بەھێزی یارمەتیدەرە بۆ بەرەکانی ناوخۆ وکەرتەکانی ئابوری ،پەروەردە، تەندروستی، و ئاسایش کە کەمترین زیانیان بەربکەوێت ،باشترین نمونەش بۆ ئەمە جەنگی  عێڕاق- ئێرانە. ھەمیشە ئێران بەھۆی ھێزە دیمۆگرافیە زۆرەکەیەوە بەردەوام بەرەکانی جەنگی پڕبون لە سەرباز لەبەرامبەردا عێڕاق ھێزی دیمـۆگـرافی  ئـەوەنـدە بەھێزی نەبو ئەو بێ ھێزیە دیمۆگرافیەش لەبەرەکانی شەڕ و لە ناوخۆی ووڵاتیش پێوەی دیاربو. ئەگەر سەرنج بدەین  ١٠ کاریگەرترین ووڵات لەسەر ئاستی جیھان لە ڕووی زۆری ژمارەی دانیشتوان بریتین لە ووڵاتانی( ھندستـان، چین، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەندەنوسیا، بەرازیل ،پاکستان، نەیجیریا، بەنگلادیش، ڕووسیا، مەکـسیک) بێگومان زۆربەی ئەو ووڵاتـانە دەرفـەتی زیـاتریان بۆ ڕەخـساوە و تـوانیویشیانە سود لـەزۆری ژمارەی دانیشتوانەکەیان وەربگرن بەمەبەستی دروستکردنی سوپایەکی گەنج و تۆکمە، لەھەمان کاتدا توانیویانە لە ناوخۆی ووڵاتیش بۆ سەرجەم کەرتە ئابوریەکانی وەک پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ و بواری پەروەردەو تەندروستی  و ڕێگاوبان ھتد... سودی لێ وەربگرن. لەڕاستیدا چۆن زۆری ژمارەی دانیشتوانی پلان بۆدانراو و ڕێکخراو و  خاوەن تایبەتمەندی باش لە ڕووی زانستی و ڕۆشنبیری و داھێنان ..ھتد  سودێکی نــاوازەی ئابوری وسیاسی و جیۆپۆلەتیکی بۆ دەوڵەت ھەی و کاردەکاتە سەر ھێزی دەوڵەت . دەکرێت کەمی ژمارەی دانیشتوانیش بــە خاڵێکی لاوازی جیۆپۆلەتیکی  ھێزی دەوڵەت دابنرێت بۆنمونە ووڵاتانی وەک ( سوید، نەرویج، فنلندا، و ھۆڵندا، سویسڕا و چەندین ووڵاتی تر ئەو ووڵاتانە سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە شارەستانی و تەکنەلۆجیا و ئابوریەی پێی گەیشتون، بەڵام ھێشتا نەیانتوانیوە ببنە ھێزێکی نێودەوڵەتی  زۆر کاریگەر و مەزن لە جیھاندا. 

وەک ئاشکرایە جۆری دانیشتوان لە ڕووی تـەمەن ، ڕەگـەز ، ئاستی ھۆشیاری و زانستی وتەکنەلۆجیاوە ھیـَزێکی دیمۆگرافی گرنـگە ئەم ھێزە دیمۆگرافیەش لەڕوانگەی جیۆپۆلەتیکی وستراتیژیەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت چونکە دەوڵەت سود لەڕەگەزەکانی ئەم بوارە وەردەگرێت. ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨- ٦٥ ساڵیدایە کاتێک ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ووڵات پێک دەھێنن  ئەمە بـە ھـێزێکی دیمۆگرافی و خاڵی بەھێزی دەوڵەت دادەنرێ، چونکە دەتوانێت لەم چینی مام ناوەندە ھێزی سوپای بەھێزو گونجاوی لێ دروست بکات وە لەکەرتە ئابوریە جۆراوجۆرەکاندا بەشداریان پێ بکات  ھەروەھا بەرزی ڕێژەی ڕەگەزی نێر فاکتەرێکی بەھێزی دەسکەوتنی ھێزی سەربازی و ئابوری ووڵاتە . لە ئێستادا  لەڕوانگەی دیمۆگرافیەوە زۆر گرنگی بە توانای زانستی و لێھاتوویی و زیرەکی و تەکنەلۆجیا و ژمارەی دانیشتوان دەدرێت ئەمە  بـە فـاکتـەرێکی زۆر کاریگـەر و نـاوازە ھەژماردەکرێت و ڕۆژ لـەدوای ڕۆژ قورسایی زیاتر دەبێت باشترین نمونـەش بۆ ئەمـە وەک ژاپـۆن ، کۆریای باشور و ئەمریکا . ھێزی دیمۆگرافیا ھەمیشە لە گۆڕاندایە ئەمەش وایکردوە کە زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلەتیک پێیان وابێ ھێزی دیمۆگرافیا بەردی بناغەی بەدیھێنانی ئامانجە ستراتیژیەکانە وئاماژەشە بۆ ھێزی دەوڵەت ھەروەھا ھێزی دیمۆگرافیا گرنگی جیۆپۆلەتیکی ھەیە بۆنمونە ووڵاتی چین لە ڕێگەی ھێزی دیمۆگرافیاوە توانیویەتی کورسی ھەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بەدەست بھێنێت لەڕێگای ئەم ڕواڵەتەشەوە توانیویە تی تاسنورێکی زۆر  لە کاروباری نێودەوڵەتیدا کاریگەری ھەبێت، ھەروەھا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش خـاوەن ھێزی گشتـیە چونکە ھەموو سەرچاوەکانی ھێزی تێدا کۆبۆتەوە وەک ھێزی دیمۆگرافیا، ھێزی جوگرافیا وەک ڕووبەرو شوێن ھێزی ئابوری ،سەربازی، سیاسی ،دیپلۆماسی، بەڵام لەھەمانکاتدا لەووڵاتی ڕوسیا ھەموئەو ھێزانە بەیەکەوە دەرناکەون. کەواتا دەتوانین بڵێن دەوڵەت دەتوانێت بوارێک یان زیاتر لە بوارێک لە بوارەکانی ھێز ھەڵبژێرێت جا دیمۆگرافیا بێت یان جوگرافیا ..ھتد،  بۆ ئەوەی ڕەگەزە بەھێزەکانی تێدا چڕبکاتەوە وەک ناسنامەیەک و چەکێکی کاریگەر بەکار یبھێنێت بۆ ڕووبە ڕوو بونەوەی ھەموئەو مەترسیانەی کە ھەڕەشەن بۆ سەر مەترسیەکانی ووڵات. 

ھەرێمی کوردستانی عێڕاق لە ئێستادا  لەبەردەم کۆچی بە لێشاوی گەنجەکانی دایە بەرەو دەرەوەی ووڵات ، ئەودەستەی تەمەنەی کە لە نێوان ١٨- ٦٥ ساڵ دایە لە ڕووی دیمۆگرافیەوە بە دەستەی تەمەنی گەنج ھەژمار دەکرێت  ئەم دەستەی  تەمەن بە باشترین دەستەی تەمەنی ووڵات ھەژمار دەکرێت ،چونکە  ١-  ئەوانە توانای خستنەوەی وەچەی زۆریان ھەیە بەوەش دەبنە پارێزەری دیمۆگرافیای ووڵات .

٢-  بەردی بناغەی گەشەکردنی ئابوری و ئاسایش و سەبازی ووڵاتن . 

٣-  دەوڵەتانی جیھان لە گەنج دەتوانی باشترین و بەھێزترین سوپاس دروست بکەن.

٤-  یەکێکن لەو دەستە تەمەنەی کە توانای داھێنان و بیرکردنەوە و بەرێوەبردن و پلاندانان و پەرەپێدان و سیاسەت و دەوڵەتداری باشیان ھەیەودەتوانن زۆر کاری ناوازە ئەنجام بدەن.

  کاتێک ھەرێمەکەمان بەھۆی لاوازی پلانەکانی  لەبەردەم کۆچی بەلێشاوی گەنجاندایە بەرەو دەرەوەی ووڵات ودەرگای کۆچی  بەڕوویاندا کردۆتەوە  بێگومان ئەم کۆچە بە لێشاوە و ناسروشتیە چەندین دەرھاویشتەی خراپی  کۆمەڵایەتی و  سیاسی و سەربازی و ئەمنی لە ئێستاو داھاتودا بۆ ئەو ھەرێمە دروست دەکات چونکە ھاوسەنگی ڕەگەزی نێر بەرامبەر بە مآ تێک  دەچێت بە پێی پێوەری زانستی دیمۆگرافی  ووڵاتانی پێشکەوتو ھەر ١٠٠ نێر بەرامبەر بە ١٠٥ مێیە لە ئێستاد ابەپێی ئامارە دیمۆگرافیەکان ھەرێمی کوردستان لەو ڕوانگەیەوە لە مەترسیدایە و ڕێژەی مێ بەرامبەر نێر  زۆر زیاترە  ئەو نا ھاوسەنگەیە ڕەگەزیەش  چەندین دەرھاویشتەی خراپ بەدوای خۆی دا دەھێنێت . بێگومان دەکرێت ئاسایشی سەربازی  و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیمان لە ھەرکاتێکدا بێت ڕوو بە ڕووی گرفت ببێتەوە  لە ئیستادا ھەرێمەکەمان لە ڕووی دیمۆگرافیەوە بەرەو ھەرێمێکی  پڕ لەکەسانی  بەساڵاچو ( پیر )ھەنگاو دەنێت،  بەساڵاچوان  لە ڕووی سەربازی و ئەمنیەوە توانای پارێزگاریکردنییان لە ھەرێم نیە ھەروەھا  ناتوانێت سوپایەکی تۆکەمەو گەنجیان لێ دروست بکات وە ناتوانن لەکارگەودامەزراوە پیشەسازی و کێڵگەو دامودەزگا خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەتدا کاربکەن لەھەمانکاتدا پێوویستە دەوڵەت خەرجیان بکێشێت وە ھیچ سودێکیشیان  لە ئێستادا  بۆ دەوڵەت نەماوە بۆیە لەم کاتەدا ھەرێم ناچار دەبێت خۆ لەشەڕو جەنگ لابدات و سازش و تەنانەت تەنازولکردن لە زۆرشت بەرامبەر بە ووڵاتانی دەوروبەر قبوڵ بکات ھەروەھا  لە ڕوانگەی ئابوریشەوە  کارگەو دامەزراوە پیشەسازی و بازرگانیەکان کەسانی پێوستی نابێت بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەن ئەمەش چەندین دەرھاویشتەی خراپ بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

دەستەی تەمەنی منداڵیش خوار ١٥ ساڵ  ڕاستە نەوەی داھاتون و دەبێت گەشبین بین پێیان بەڵام ئەوانیش لە ئێستادا ھاوشێوەی بەتەمەنەکان دەبێت خزمەت بکرێن ھاوشێوەی بەساڵا چاوانیش ناتوانن لە ئێستادا  سوپایان لێ دروست بکەی  لەبەرئەوە  پاراستنی ووڵات لە لە ڕِووی ئەمنی و ئاسایشەوە  جێگەی مەترسیە ھەروەھا دەستەی تەمەنی منداڵ  توانای خستنەوەی وەچەشیان نیە  نە دەشتوانن لە کارگەو دامەزراوە پیشەسازی و ...ھتد کاربکەن  و ئابوری ووڵات گەشە پێ بدەن .

کەواتا  کردنەوەی دەرگای کۆچ بە ڕووی گەنجاندا لە ئێستاو ئایندەدا دەکرێت ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین  دەر ئەنجامی مەترسیداری دیمۆگرافی و ئەمنی و ئاسایش و کۆمەلایەتی ..ھتد  بەتایبەت ھێزی دیمۆگرافی کە کاریگەری ڕاستەوخۆدەکاتە سەر ھێزی دەوڵەت دەبێت .

* سەرۆکی بەشی جوگرافیا لە زانکۆی ڕاپەڕین