ڕوانگە - بەمەبەستی گەشەپێدانی زیاتری ناوچەکە و

خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سنورەکە، کارکردن لە دروستکردنی پردی تەنگی سەید محەمەد، لە سنوری پارێزگایی هەڵەبجە، بەردەوامی هەیە و لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە بەوردی چاودێری کاروبارەکانی دەکرێت.

نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ماوەی دوو مانگە بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی پردی تەنگی سەید محەمەد، دانراوە و لە ئێستادا کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامی هەیە."

وتیشی:" سەرپەرشتی کردنی ڕاستەوخۆی پرۆژەکە، لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەدایە و ئێمەش لە ڕێگەی تیمی بەشی بەدوادا چوون لە پارێزگای هەڵەبجە، بەردەوام بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانی پرۆژەکە دەکەین."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە لە کوردستاندا ئەنجام دەدرێن، زۆرجار گرفتی کارکردن تیاندا دروست دەبێت، ئەم پرۆژەیە تاچەند مەترسی وەستانی کاری تێدا دەکرێت؟ نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە ڕونیکردەوە:" پرۆژەگە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و ئومێدەکەین تاوەکو قۆناغی تەواوبوون هیچ گرفتێکی بۆ دروست نەبێت،چونکە پرۆژەیەکی گرنگە و خزمەتی گەورە بە دانیشتوانی پارێزگاکە دەکات."

شایەنی باسە، گوژمەی پرۆژەکە 26 ملیار دینارە و تایبەتمەندیەکەشی بەو جۆرەیە کە درێژی پردەکە 65 مەترە و بەرزیەکەشی 4 مەتر و پانیەکەشی 14 مەترە و دەبێتە هۆکارێک بۆ بەستنەوەی ئیدارەی گەرمیان، بە پارێزگای هەڵەبجەوە، هەروەها دەبێتە مایەی ئاسانکارکردنی هاتوچۆ بۆ شۆفێران، وە نزیکردنەوەی ڕێگای مەرزی پشتە، هەروەها دەبێتە هۆکارێکیش بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری ناوچەکە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی  خزمەتی ڕاستەوخۆ  بە دانیشتوانی 20 گوندی سنورەکە دەکات.