ڕوانگە - پاش هه‌وڵوماندووبوونێكی زۆری ستافێكی زانستیی لە زانکۆی چەرموو، توانرا گۆڤارێكی زانستیی به‌ ناونیشانی (گۆڤاری چەرموو بۆ زانستەسروشتی و تەکنەلۆژییەکان) به‌ر‌هه‌م بهێنرێت.

پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر.د. دانا خدر سابیر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاره‌كه‌ ڕایگه‌یاند:" ئامانجی گۆڤاری چەرموو بۆ زانستەسروشتی و تەکنەلۆژییەکان بریتییە لە هاندان و گرنگیدانی زیاتر بە توێژینەوە لە ناوچەکەدا لە ڕێگه‌ی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی ڕەسەن لە بوارەکانی زانستی سروشتی و ئەندازیاری و زیرەکی دەستکرد لەلایەن توێژەرانەوە.

وتیشی:" گۆڤاره‌كه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ناساندن و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان توێژەرانی ناوخۆ لەلایەک و توێژەرانی نێودەوڵەتی لە لایەکی تر، هەروەها پاڵپشتی زیاتری توێژەرانه‌ بە ناردنی توێژینەوەکانیان بۆ کەسانی شارەزا لە بوارەکانى توێژینەوەیان و کەمکردنەوەی به‌فیڕۆدانی کات و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی توێژەرەکان و زوو وەڵامدانەوەیان.