ڕوانگە - ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئابی 2025 لە  هێرشێکی چەکداری سوپای عەدل، بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لەباشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئێران، ئەفسەرێک و  سێ چەکدار کوژران.

هەواڵەکە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم،
بڵاویکردۆتەوە:" ژمارەیەک چەکداری سوپای عەدل هێرشیانکردوەتەسەر بنکەیەکی پۆلیسی سەراوان لەباشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران، کە لەئەنجامدا سێ چەکدار کوژراون‌و دوو کەسی دیکەش دەستگیرکران، هەروەها هەر لەئەنجامی هێرشەکەدا ئەفسەرێکی پۆلیسی بنکەکە کوژراوەو پۆلیسێکی دیکە برینداربوە."

چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژەیان بەوەکردوە، چەکدارەکان سەر بە'سوپای عەدل' بون، بەڵام تائێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

سوپای عەدل لەئۆپەراسیۆنەکانیدا هێرشدەکاتەسەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، بەتایبەتی بنکەکانی پۆلیس، سوپای پاسداران‌و پاسەوانی سنور، ئەو چەکدارانە پشت بەچەکی سوک‌و پشتێنەی تەقەمەنی دەبەستن.

هەندێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە، ژمارەی چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار چەکدار دەخەمڵێنن.