ڕوانگە - لەسەر ڕێگای پشتێنەی شاری کەلار بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە لەبەرامبەر گەڕەکی ئاوارەکان سێ کەس برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

سامان عەلی وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"بەیانی ئەمڕۆ (چوارشەمە) ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس لەڕێگای پشتێنەی شاری کەلار بەئاراستەی ناحیەی ڕزگاری ڕۆیشتووە، لە بەرامبەر گەڕەکی ئاوارەکان کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕا.

وتیشی:" لەڕووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ دوو سەرنشینی لەدایک بووی ساڵی ١٩٧١ و ١٩٦٦ برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە".

سامان عەلی وتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ڕونیشیکردەوە:"تیمی هاتووچۆ گەیشتوونەتە سەر ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستپێکردووە.