ڕوانگە - سەرچاوە هەواڵییەکانی عێراق چوارشەممە بڵاویان کردەوە، کە هەریەکە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێککەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم.
میدیا عێراقیەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە:" لە ڕێککەوتنەکەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکان ئەنجام دەدرێت و 50 هەزار بەرمیل بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم تەرخانکراوە، ئەو بڕەی کە دەمێنێتەوە دەگەیەنرێتە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ"
هەر بەپێی زانیاریەکانی میدیا عێراقیەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم پێویستی بە دانوستان هەیە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی تورکیا پێش ئەوەی پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.