ڕوانگە - وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە:" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون. "

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە:" کۆبوونەوەکان لە 17ی تەمموز دەستیانپێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری، گفتوگۆیەکی زۆر، لە 11ی ئاب ڕێککەوتن لە سەرمیکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە، کە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی  کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونیشیکردۆتەوە:"دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت."