ڕوانگە - شاندی دانوستانکاری پارتی و یەكێتی ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە و دەڵێن: مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە کارو چالاکیی ئاسایی خۆی بکاتەوە.
راگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٥ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بەکۆبوونەوەکانیان دا.
هەردوولا لەکۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر رۆشنایی ئەو بنەما و پرنسیپانەی لە دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوولادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوەو ئەو هەنگاوانەی نراون لەپێناو ڕێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا.
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکەو ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لەپێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات و هەنگاوەکانی تری پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن.